ترەمپ دەڵێ: حەز بە چارەی کورد ناکەم و ئەوان لەبەردەم ئێراق و تورکیا هەڵهاتوون
ئامادەکردنی: ڕێنوار نەجم، تایبەت بە کوردستان تایمز

رۆژی سێشەممە یاداشتەکانی راوێژکاری پێشووی ئەنجومەنی ئاساییشی ئەمریکی جۆن بۆڵتن بە ناوی “ئەو ژورەی کە تێیدا رویدا؛ یاداشتێکی کۆشکی سپیی” بڵاودەکرێتەوە. کوردستان تایمز کۆپییەکی کتێبەکەی دەستکەوتووە و گرنگترین ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە کورد، بەتایبەتییش پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و داگیرکردنی بەشێکی رۆژئاڤای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، لەو چاوپێخشاندنە خێرایەدا بڵاودەکاتەوە.

یاداشتەکانی بۆڵتن لەلایەن کۆشکی سپییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە و داوای راگرتنی کراوە، بەڵام دادگاکانی ئەمریکا رەتیانکردەوە. یاداشتەکان نهێنیی زۆر دەربارەی ترەمپ و ئیدارەی ترەمپ و بڕیارە نابەجێکانی بڵاوکردۆتەوە؛ لە باسی داواکردنی ترەمپ لە سەرۆکی چینەوە بۆ هاوکارییکردنی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتو دەربچێت، تا دەگاتە نهێنییەکانی پەیوەست بە کشانەوە لە سوریا. بۆڵتن لە یاداشتەکانی باسی زۆر کەسایەتیی دەکات، لەناویاندا سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان کە بە فاشیست و دیکتاتۆرەکان دەیشوبهێنێت.

یەکەم ناوی “کورد” لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتن‌دا لە لاپەڕە 41ـدا دێت کاتێک لە جەژنی ئیستەری ساڵی 2018، کە دەکاتە مانگی نیسان، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ‌دا باس لە کشانەوەی هێزەکانیان دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و سوریا بەتایبەتی. بۆڵتن دەگێڕێتەوە کە لەوکاتەی ترەمپ سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بووە لە کۆشکی سپی لەگەڵ خێزانەکەیدا، تەلەفۆنی بۆ ئەم کردوە و پێی وتووە: “دەمەوێت لەم جەنگە ترسناکانە [ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست] بێمە دەرەوە. ئێمە داعش بۆ ئەو وڵاتانە دەکوژین کە دوژمنی ئێمەن.” بۆڵتن دەڵێت کە پێی وابووە ترەمپ لەوێدا مەبەستی ڕوسیا، ئێران و سوریای ئەسەد بووە. هەروەها ترەمپ باسی لەوە کردووە کە ڕاوێژارەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، ئەوانەی دەیانەوێت “بۆ هەمیشە” بمێننەوە، ئەوانەشی دەیانەوێت “بۆ ماوەیەکی دیکە” بمێننەوە. بەڵام ترەمپ پێچەوانەی هەردوو بەرەکە بووە و وتوویەتی: “بەهیچ شێوەیەک نامەوێت بمێنینەوە. حەز بە چارەی کوردەکان ناکەم، ئەوان لەدەست عێراقییەکان ڕایانکرد، لەدەست تورکەکان ڕایانکرد. تاکە جارێک کە ڕایان نەکرد ئەو جارەبوو کە ئێمە هەموو دەوروبەریانمان بۆردومان کرد بە فڕۆکەی F-18.” دواتر ترەمپ لە جۆن بۆڵتۆنی پرسیووە کە چی بکەن باشە. بۆڵتن دەڵێت پێی وابووە جەژنی ئیستەر “باشترین کات نییە بۆ گفتوگۆکردنی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بۆ داوای کاتی زیاتری کردوو بۆ ئەوەی بیر لەو بابەتە بکاتەوە.

دوای فشارە زۆرەکانی میدیا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، ترەمپ بڕیاری دا پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆگان ئەنجام بدات بۆ گەیاندنی دوو خاڵ: یەکەم، هێرش نەکاتە سەر سەربازە ئەمەریکییەکان لە سوریا. دووەم، دڵنیا بێت لەوەی هێرش دەکاتە سەر داعش نەک کوردەکان. بۆڵتن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە لە کتێبەکەیدا دەنووسێت: “دوای سڵاوکردن و قسەی سەرەتا، ترەمپ بە ئەردۆگانی وت کە دەیەوێت کۆتایی بە داعش بهێنێت و ئەگەر تورکیا پێویستی بوو هاوکارییان بۆ دابین دەکەین. دووەم، ترەمپ فشاری لە ئەردۆگان کرد کە بەدوای کوردەکاندا نەچێت و نەیانکوژێت، چونکە خەڵکێکی زۆر هەیە ئەوانیان ۆش دەوێت لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە لەگەڵ ئێمە شەڕی داعش دەکەن. تورکیا و کوردەکان پێویستە بەیەکەوە شەڕی هێزەکانی داعش بکەن. ترەمپ وتی کە ستراتیژییەکی لەو شێوەیە دەکرێت گۆڕانکارییەک بێت بۆ ئەردۆگان، بەڵام دووبارە دوپاتی کردەوە کە چەند پاڵپشتییەکی گەورە بۆ کوردەکان هەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.”

لەبارەی وەڵامی ئەردۆگان بۆ خاڵی دووەم، بۆڵتن دەڵێت: “ئەردۆگان پێی بەجەرگی خۆیدا نا و وتی کە ئەو کوردەکانی خۆش دەوێت و کوردەکانیش ئەویان خۆش دەوێت، بەڵام وتی کە یەپەگە-پەیەدە-پەکەکە (گروپە کوردییەکان لە تورکیا و سوریا، ئەو نۆ پیتەی ئەردۆگان وا دەیوت وەک ئەوەی ناوی خۆی بڵێ) کوردەکانیان هەڵفریواندووە و نوێنەرایەتی ئەوان ناکەن.” بۆڵتن لەبارەی قسەکانی ئەردۆگانەوە دەڵێت: “پێشتر هەموو ئەوانەمان گوێ لێ بووبوو، هەمووی پروپاگەندەیەکی ستانداردی ڕژێمەکەی ئەردۆگان بوو.”

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، جۆن بۆڵتن باس لەوە دەکات کە لەگەڵ دەنفۆرد باسیان لە هێرشی چاوەڕوانکراوی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا کردووە و دەڵێت بەو پێیەی وا دەردەکەوێت کە ئەردۆگان باوەڕی وابێت کە “تەنها کوردی باش ئەو کوردەیە کە مردووە”، دەنفۆرد پێی وایە ئامانجی ‌سەربازیی دەستبەجێی تورکیا لە سوریا بۆ دەکردنی کوردەکان دەبێت بە درێژایی سنووری تورکیا-سوریا، دواتریش سەدان هەزار ئاوارەی سوریی لە تورکیاوە بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچانە.

“دەنفۆرد پێشنیازیکرد ئەویش هاوسەفەرییم بکات لە گەشەکەم کە بۆ سەرەتای مانگی کانوونی دووەم دامنابوو بۆ تورکیا و لەوێ بمێنێتەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سوپای تورکیا، کە منیش بۆ ئەوە رازیبوم. بەم جۆرە، تورکەکان گوێبیستی پەیامێکی یەکگرتووی حکومەتی ئەمەریکا دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای ئەوان بۆ قۆستنەوەی جیاوازییەکان لەنێو یاریکەرە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا. ئەمە هەمیشە ستراتیجێکی سیاسەتی دەرەوەی جێی پەسەندی حکومەتە. پوختەی ئەو گفتوگۆیانەم بە پۆمپیۆ راگەیاند، پێمگوت کە زاڵبووین بەسەر ئەنجامێکی زۆر خراپی سیاسەتی سوریا و ئێستا هەوڵدەدەین شتێکی پوخت و ماوەدرێژ رێکبخەین. پۆمپیۆ جەختی کردەوە کە نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەڵسوڕاندنی کاروباری سوریا جیم جێفری لە کۆبونەوەکانی تورکیا ئامادە بێت، کە بەنابەدڵیی ناڕازییبوم. ئەوە لەبەرئەوە بوو پۆمپیۆ خۆی دوو رۆژ پێش کریسمس پێیگوتبوم کە جیم جێفری، باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا بۆ تورکیا “هیچ خۆشەویستییەکی بۆ کوردەکان نییە و هێشتاش تورکیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ناتۆ دەبینێت.” ئەوانە ئاماژەی ئاگادارکردنەوەی رون کە کەیسی نەخۆشیی “بریکارێتیی” توشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە کە دونیابینیی سیاسەتی دەرەوە لە خودی ئەمریکا گرنگتر دەبێت. پۆمپیۆ، شاناهان، دەنفۆرد و من رازیبوین کە “بەیاننامەیەکی مەبدەئیی” یەک لاپەڕەیی لەسەر سوریا بنوسین و خۆمان دوربگرین لە هەڵەتێگەییشتن، کە وەزارەتی بەرگری وای بیردەکردەوە کە بەتایبەتیی گرنگە.”

جۆن بۆڵتن باس لەوەش دەکات دوای ئەوەی لە ڕۆژی 6ی کانوونی دووەم سەردانی ئۆرشەلیمی کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەر کەس شانبەشانی ئەوان شەڕی کردبێت، بەتایبەتی کوردەکان، ئەوا بە کشانەوەی هێزەکانیان ناکەونە مەترسییەوە. دوای ئەو قسانە، ترەمپ پەیوەندی بە بۆڵتۆنەوە دەکات:

“ترەمپ کاتژمێر یازدە و چل و پێنج دەقیقەی شەوی 6ی کانوونی دووەم تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی “هێشتا بەخەبەری، وانییە؟” کە بەدڵنیایی بەخەبەر نەبوم. کەسێک پێیگوتبوو تورکەکان دڵخۆش نین بەرانبەر بە چەند لێدوانێکی من کە میدیاکان بڵاویانکردبوەوە. بێگومان، هیچ شتێکم نەگوتبوو کە تڕامپ بە ئەردۆگانی نەگوتبێت. بەهەرحاڵ، ترەمپ چەندان جار لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا چەندان جار گوتی “بنکە جەماوەرییەکەم دەیەوێت لە سوریا بچینە دەرەوە،” کە مانای وایە سەردانیکردنی تورکیا شتێکی خۆش دەبێت. بەراستی، رۆژی دواتر، هەر کە لە ئۆرشەلیمەوە دەفڕین، باڵیۆزخانەکەمان لە ئەنقەرە گوێبیستی ئەوە بوبون کە ئەردۆغان زۆر توڕە بوە کە لەوانەیە ئەو کۆبونەوەیە رەتبکاتەوە کە لەگەڵ من کاتی بۆ دیاریکرابوو. لە بازنە دیپلۆماسییەکاندا، ئەوە بە شتێکی ئاسایی دەبینرا، بەڵام من وام بینی کە ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە سیاسەتی سوریای ئێمە لەسەر خەتی راستە لە دونیابینیی ئەمریکییەوە، نەک هی تورکیا.”

دواتر جۆن بۆڵتن و دەنفۆرد سەردانی تورکیا دەکەن، بەڵام ئەردۆگان ئامادە نابێت بیانبینێت و بوونی وتارێکی لە پەرلەمان دەکاتە بیانووی کۆنەبوونەوە لەگەڵیاندا. دەنفۆردیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە تورکەکاندا بۆی دەرکەوتووە کە ئەوان هێندەی ئەردۆگان بەپەرۆش نین بۆ هێرشکردنە سەر سوریا:

“لە هەمان کاتدا، زانیم کە دەنفۆرد وا بیری دەکردەوە کە فەرماندە سەبازییەکانی تورکیا کەمتر ئارەزوویان لە چونەناو سوریا هەبوو بەبەراورد بە ئەردۆغان و بەدوای ئەو هۆکارانەدا دەگەڕان کە خۆیان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باشوری سنورەکانی خۆیان بپارێزن، لە هەمان کاتیشدا دەیانگوت کە تورکیا لە هێرشە تیرۆریستییەکان دەپارێزن. بۆ ئەوان، دەنفۆرد گوتی، “ئەمە سنوری مەکسیکی ئێمەیە.” دەنفۆرد بەدانەبڕاویی بەگوێرەی مەبدەئەکانی بەیاننامەکە پلانەکەی جێبەجێکردبوو، ناوچەیەکی ئارامی بیست بۆ سی کیلۆمەتری خستبووە رۆژەڤەوە کە تێیدا کوردەکان چەکە قوڕسەکانی خۆیان دەکێشنەوە دواوە و لەلایەن هێزی نێودەوڵەتیی کە بەشی هەرە گەورەی ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دەبێ پێکدێت، کە دڵنیاییدەدەن کە هیچ تەداخولاتێکی کوردیی بۆ سەر تورکیا لەو ناوچانە رونادات، بەپێچەوانەشەوە، هەروەک چۆن لە واشنتن گفتوگۆمان کردبوو”.
به‌روار:  21/06/2020
1060   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   431
کۆی سه‌ردان:   29233401