کەلاوەی قوتابخانەیەک هاواری کرد
کەلاوەی قوتابخانەیەک
هاواری کرد:
چەندین وەرزە نانی بەڵێن
بە هەنگوینی خەیاڵەوە ئەخۆین
چەندین ساڵە
دروشم و شیعر و بانگەشە و
پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامە و
سروودی تازە و کۆن ئەخۆین !
شەقامێکی ماندوو وتی:
"بە دەنگی پێی ڕێبواراندا
سکی خاڵی و سکی تێری
ئەم زەمانە لە یەکتر جۆی ئەکەمەوە
دەنگی قاچی سکی خاڵی
بە حاڵ ئەگاتە گوێچکەم و
دەنگی قاچی سکی تێریش
هێندە قورسن، ئەمللەرزێنن!"
تەنەکەی بەردەمی دەرگای
ماڵە قوڕێ
وتی شەوێک
تەنها بە یەک پژمینی خوا
ئیتر من چووم بە ئاسماندا و
نەهاتمەوە و لەو شەوەوە
هەتا ئێستا
من بە دەوری
سەرزەمیندا ئەخولێمەوە!
بەرمیلی بەردەمی دەرگای
تەلارە ماڵێکیش وتی:
هەر بە تەنها پاشماوەکەم هێندە قورسە
به گەڕەکێکی برسێتی هەڵناگیرێ!
"لە ماڵەوە ڕۆژێ سفرەکمان وتی:
لە نێو ئێمەیشدا بەختەکان لەیەکتر جیان!
تیاماندایە و گەلێ زۆرن ئەو سفرانەی
هەتیوبار و بێوەژنن و تەنها جارێک
"سەری خۆیان" نەدیوە پڕ بێ لە قاپی
سک بەختەوەر!
بیرم نایە نانێکی من لە دڵەوە
پێکەنی بێ و کەوچکێکم وتبێتی:
وا تێرم خوارد!"
شێرکۆ بێکەس
ئێستا کچێک نیشتمانمە
بهروار: 03/06/2020
507 جار خوێندراوهتهوه
|