لەمزگەوتەکانی ئیزمیرەوە سروودی بێلاچاو پەخشکرا

بەتۆمەتی دەستگەیشتن بە سیستمی ناوەندی بانگدان و پەخشکردنی گۆرانی "بێلاچاو" لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی شاری ئیزمیر، پۆلیسی تورکیا ژنێکی دەستگیرکرد.

رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئایار، بەهۆی پەخشکردنی گۆرانی بێلاچاوی ئیتاڵی لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی شاری ئیزمیرەوە، حکومەتی تورکیا دەستگیرکردنی ژنێکی راگەیاند، لەو بارەیەوە ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەکردووە، پۆلیسی تورکیا  ژنەکەی دەستگیرکردووە بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامە و وردەکاریی زیاتری ئەو کەسە.

هاوکات، ئەمەش بووە هۆکاری توڕەکردنی حکومەتی تورکیا و کەسایەتییە دینییەکانی ئەو وڵاتە، بەوپێیەی کە مزگەوتەکان شوێنی بانگدان و بڵاوکردنەوەی وتارە دینییە گرنگەکانن و ئەم کارەیان بە شکاندنی حەرەمی مزگەوتەکان لەقەڵەمدا.

بۆ ئەم مەبەستەش، دەسەڵاتی دینی نیشتیمانی "دیەنێت"، سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی، نوسینگەی داواکاری گشتییش لە ئیزمیر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە راستی رووداوەکە و ئەو کەسانەش دەکەن کە لەڕیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە.

لەم رووەشەوە حزبی داد و گەشەسەندن بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، بە توندی رەخنەیان لەم رووداوە گرت و عومەر جێلیک وتەبێژی ئەو حزبە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەوەی خستووەتەڕوو، "هەر کەسێک ئەم کارە قێزەونەی کردبێت، بەدڵنیاییەوە دەستگیردەکرێت".

هەر لەسەر ئەم باسە، رۆژنامەی سەباح کە سەر بە حکومەتی تورکیایە ئەم کارەی بە ئابڕوچون لەقەڵەمدا، رۆژنامەی یەنی شەفەکیش بە هێرشێکی بێبنەمای دانا بۆ سەر مزگەوتاکان.

گۆرانی بێلاچاو بە ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕانەکەی بەناوبانگە، کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا دژی دەسەڵاتە فاشیستەکان بڵاوکرایەوە، بەڵام رەخنەگران دەڵێن، "ئەم گۆرانییە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە دینەوە وە روونیش نییە بۆ لەڕێی بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە پەخشکراوە، لەگەڵ ئەوەی ئیزمیر یەکێکە لەو شارانەی تورکیا کە دەسەڵاتی عەلمانی تیایدا باڵادەستە".

نالیا
سەیری ڤیدیۆکە بکە

https://youtu.be/mFnyDNmYh-c

به‌روار:  23/05/2020
454   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   785
کۆی سه‌ردان:   29234272