جا بەس نیە تڕ پارە ناکات !!!
کارەکەم لە شوێنی ماڵەکەمەوە نیوسەعاتێك دوورە، بۆیە ناچارم هەموو بەیانیەك بە میترۆ بچم بۆی. ئەمڕۆ کاتژمێر حەوت و نیو خۆم کرد بە میترۆکەداو دانیشتم. لەبەرامبەرم باوکێكی نەرویجی و کوڕەکەی کەلەوە دەچوو چوارساڵی تەمەنی تەواو نەکردبێت دانیشتبوون. مناڵەکە وەك هەر منداڵێكی تر لەتەمەنی ئەودا باوکی بە پرسیار ناڕەحەت کردبوو. گفتوگۆکەیان سەبارەت بە رۆژەکانی هەفتە بوو، ئایا شەممە پێش یەکشەممە دەکەوێت یان چوارشەممە لە پێش سێشەممەوەیە! قیرسچمەیەك بوو ئەو هەتیوە، باوکی کە تاقەتی نەبوو قسە بکات و لەوەش دەچوو کە باش نەخەوتبێت چونکە هۆقەیەك ڕیپۆق گوانی کردبوو بە چاویەوە، گیری خواردبوو بە دەستیەوە. لە شوێنێکدا دەنگی بەرزکردوە بەسەریدا بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات، بەڵام ئەو هەتیوە خیشی کردو دەستی کرد بە نەقیزەدانی باوکی و جارجاریش پێی دەووت، بـــــــــاوکە تڕکـــــــەن، بـــــــــــاوکە تڕکـــــــەن کردبووی بە گۆرانی وئەیووتەوە! باوکی زۆر ناڕەحەت بوو، هەتیوەکەش نەیدەبڕیەوە، ناچار باوکی توڕەبوو لێی و بێدەنگی کرد. بەڵام هەر لەبەر خۆیەوە دەیووت تڕکەن، تڕکەن!
جا لەسەر ئەو تڕەکەندنە جارێکیـــــــــان بەزمێکی خۆشمان لێبەسەرهات. ئەوکات من تەمەنم شەش ساڵان بوو وەهێشتا لای نەنکم بووم لە "هێڵانپێ"ی بناری هەورامان. من وئـــــــازیز کە کوڕی خاڵم بوو زۆر هاوڕێی یەکتر بووین، هەمیشە بەیەکەوە بووین، ئەتووت هیکڵ و جیکڵـــــین. خاڵە سادقم باوکی ئازیز دەروێشی شێخ عبدالکریم بوو، قژێکی درێـــژی پێوەبوو کە بەخەنە سووری کردبوو لەگەڵ شمشێرێك بە پشتیەوە، ئەتووت جەنگاوەرێکی سامۆرایە، زۆر لێی دەترساین بە تایبەتی ئەوکاتەی کە لەگەڵ دەروێشەکانی تر دەکەوتنە زیکرکردن، بەشمشێر دەکەوتنە یەکتری و جارجاریش شیش و چەقۆیان دەکرد بە لاڕومەت و سەری یەکتریدا.
شەوێکی ساردی زمسـتان بوو. بەفر شاخ و دێیەکەی لەبەرگی لۆکەیی خۆیەوە ئاڵاندبوو. خاڵم نزیك بیست دەروێشی چڵکنی لەماڵەکەی خۆیدا کۆکردبۆوە بۆ ئەوەی بەکری برام میعراجنامەی سەفەرەکەی پێغەمبەریان بۆ بخوێنێتەوە. دەرەوە ڕەشەباو سەرما بوو، لە ژووریشەوە کورەی داری گەرم و هالاوی عارەقاوی دەروێشی چڵکن گێژی دەکردیت. من و ئازیزو بەکر لەلای دەرگاکەوە لە خوارەوە دانیشتبووین. بەکری برام کە لە قوتابخانە بوو وە لە ئێمە گەورەتر بوو بەدەنگێکی مۆسیقاییەوە میعراجنامەکەی دەخوێندەوە ، بۆنی دووکەڵی جگەرەی زەل و گۆرەوی ناو پاتەی لاستیك مشکی بنمیچەکەشی گێژ کردبوو. سەرێکم بەرزکردەوە بینیم هەرچی دەروێشە دەگری، چڵم وفرمێسك تێکەڵ بەیەك بووەو دەنگی لوشکە لوشکی دەروێش دەگاتە دەرەوەی ماڵ. من وئازیز چاومان گوانی کردبوو و خەومان دەهات. بەکر گەیشتە ئەو شوێنەی کە دەڵێ " ســـــــــواری ئەسپ بوو بەرەو ئاسمــــــــان....." تەوای نەکردو ئازیز کە خەو بردبوویەوە یەك تــــــــــــڕی دوانزە ڤۆڵتی لێ بەربۆوە. بۆ ساتێك هەستم کرد دنیـــــــــــا وەستا، بۆڵە بۆڵ و سەرزەنشت بەرزبۆوە هەرەیەکە لای خۆیەوە شتێکی گرتە ئازیز، ئەو داماوەش هەردوو چاوی ئەبڵەق بووبوون، ئەتووت پشیلەیە کەوتۆتە ناو کۆمەڵێك گەماڵەوە. من وبەکر پێکەنینمان دەهات و نەماندەوێرا دەریببڕین. خاڵم تووڕەبوو، هەستا گوێی ئازیزی گرتوو بە زلە کردیەوە دەرەوە. کە دانیشتەوە ووتی " کوڕو تووتەی... یانەکە پەڕبی مەلائیکەت، بە تڕێوە گردیشا بەردش ئاسمانرە"، واتە، کوڕی سەگ، ماڵەکە پڕ بوو لە مەلائیکەت، بە تڕێك ڕەوانەی ئاسمانی کردنەوە!.
من وەخت بوو ژان بکەم لە پێکەنینا، ناچار خۆم پێنەگیراو پێکەنیم، خاڵم دەهری بوو، هەستا گوێی منیشی گرت و فڕێیدامە دەرەوە. ئەوە ئێستا ئێمە لە دەرەوەین و بە وەزعەکە پێدەکەنین. گوێمان لێبوو نەقیزەیەکیان دا لە بەکر بۆ ئەوەی چیرۆکەکە تەواوی بکات، کاکەشم لەبەر پێکەنین نەیدەتوانی جوملەکە تەواو بکات، پاش تۆزێك گوێی ئەویشیان گرت و فڕێیان دایە دەرەوە.
لای ئێمە تڕکەندن بەستراوەتەوە بە ئەخلاقەوەو ئەگەر لە شوێنێك بایەکت لێبەربێتەوە ئەوە تا مردن ڕەنگە شەخسیەتی خۆت لەدەست بدەیت، سەرەڕای ئەوەی کە دروستبوونی غازاتی ناو سك کارکردێکی ئاسایی ناو لەشەو زۆرجار خۆی بە بێ پرس دێتە دەرەوە. ئەوروپیەکان ئاسایی تر مامەڵە لەگەڵ تـــــڕدا دەکەن وزۆریان بۆ بێت لە هەموو شوێنێك دەیکەنن.
ئەوە ڕۆژێکیـــــــــــــان نیوەڕۆکەی لەسەر ئیش نۆکم خوارد لەگەڵ سەموونی جۆ، جا هەردووکیان زوو دەبنە غاز. لە ئیش تەواو بووم و بەرەو میترۆکە ڕۆشتم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە لە پڕ سكم پێچێکی پیا هات و وەك وشکە کەڵەك هاڕەی کرد، غاز کۆبۆوە لە سکما، هەستم پێکرد وەك مار بەناو ریخۆڵەمدا هاتە خوارەوە بۆ قۆڵۆن و لەوێوە بۆ سەر حدود، زانی دەرگاکەم قایم گرتووە ناچار بە تووڕەیی گەڕایەوەو سەری کێشا بە مەعیدەما، هەندێ جار لە کەلەکەمەوە فشاری بۆ دەهێــــــــــــــــنام، دەتووت قاچاغچیەو ڕێی لێ وون بووە، منیش لە ناو میترۆکە دانیشتووم و هەموو کورسیەکانی چواردەورم خەڵکی لێیە، پێم عەیب بوو لێیدەم. حاڵم تا دەهات خراپتر دەبوو، چاووم بە عەینەکەکەشەوە ڕەشکەوپێشکەی دەکرد، فشارەکەی ئەوەندە زۆر بوو نەمدەتوانی بە ئیسراحەتی خۆم هەناسەش بەم، قنج و قیت بەبێ جوڵە لێی دانیشتم تا گەیشتمە شوێنی دابەزین، بەپەلە لە مەحەتەکە دەرپەڕیم و گەیشتمە شوێنێکی چۆڵ، سەیرێکی چواردەوری خۆمم کرد کەسی لێنەبوو، دەرگام بۆی کردەوە، ووتی بـــــــــــــــــــــــــــــــــــم، زرمەی هات، گەرم بوو زۆر، ووتم ئێستا پانتۆڵەکەمی کوون کردوە، یەکسەر مێشکم ئارام بۆوەو ئەدریالینەکەم دابەزی و هورمۆنەکانی لەشیشم ئاسایی بوونەوە. جا بڵێـــــــن چی، لە تڕە کەسکونەکان بوو کە ڕێژەیەکی بەرزی بەکتریــــــای تێدایەو بۆنەکەی مردوو زیندوو دەکاتەوە. بۆن لە دەرلنگی پانتۆڵەکەم و لاملی کراسەکەمەوە دەهاتە دەرەوە. ماڵەکەم ٧ دەقە ڕێ لە مەحەتەکەوە دوورە، بۆنی ئەو تڕە حیزە وەكو تووتەڵە سەگ بەشوێنەمەوە بوو تا خۆم کرد بەماڵا ئەویش لەگەڵ مندا خۆی کرد بە ژووردا.
کە ئەمەتان بۆ دەگێڕمەوە، بۆ ئەوە نیە حەیام بەرن، ئەزانم تــــــــــڕ میوانی هەمیشەیی و شەوو ڕۆژەی هەمووتانە. جا بەس نیە تڕ پارە ناکات ئەگیـــــــــــــنا ئێستا دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆریـــــــــان لە قنگی ئەو خەڵكە بەستبوو و بازرگانیـــــــــان پێوە دەکردو وەك سەروەتێکی نیشتمانی چاووی لێدەکروو وەکو غازی ڕەش دەفرۆشرا.
عومەر خەتات
به‌روار:  14/05/2020
2019   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   868
کۆی سه‌ردان:   29235099