نوری گوڵاڵە پیاوە جوان ومیهرەبانەکەی سلێمانییە
سەردەمی کۆن باب و باپیران هەرکات خێر و خێراتیان کردبێ نەیان هێشتوە ئەم دەست بەو دەست بزانێ
لەم چەند ڕۆژەی پێشوو لەسەر وێنەگرتن لەکاتی دابەشکردنی خێر و خێرات و دەستگیرۆیی هەژار و کەمدەرامەتەکان و بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیسبوک زۆر نوسرا و زۆر باسکرا من ناچمە نێو ئەوبابەتە بەشێوازێکی جیاواز دوور لە بریندارکردنی هیچ کەسێکی خێرخواز
بابەتێک ئەنوسم
ئەوەی من مەبەستمە
یادێکە لە پیاوێکی جوان و میهرەبان و خێرخوازی شاری سلێمانی هەردەم لەسەر ڕێچکە جوانەکەی باب و باپیران دستگیرۆیی هەژاران و نەدارانی کردوە و هەمووکات بەتەنگ ئەوانەوە چوە کە پێویستیان بە هاوکاری هەبوە و هیچ کات خۆی دەرنەخستوە و باسی نەکردوە و نەیهێشتوە خەڵک و بەرامبەرەکەی بزانێت تا نەبێتە بریندار کردنی هەستی هیچ کەسێک
ئەوکەسایەتی یە کۆچکردو نوری گوڵاڵە یە
نوری تۆفیق نادر ناسراو بە نوری گوڵاڵە ساڵی ١٩٣١ لە شاری سلێمانی چاوی بەدنیا هەڵهێناوە لەسەرەتای ژیانی لاوێتی یەوە دەستی بە کارکردن کردوە بۆ بژێوی خۆی و خانەوادەکەی لەسەرەتاوە بە عەرەبانەیەک دەستی بەکارکردن کردوە لە کۆڵانەکانی شار ساردەمەنی فرۆشتوە ، ئەوکات پێ یان ئەوت ( دۆڵدرمە ) پاشان برەوی بەکارەکەی داوە و لە خوار دەرگای سینەما سیروان دوکانێکی ساردەمەنی داناوە بە ناوی ساردەمەنی سۆلاڤ ، دواتر لەسەر شەقامی مەولەوی لەنزیک بازاڕی عەسری پێش گەیشتن بە بەردەرکی سەرا لە دوکان و بازاڕە نوێ یەکەی ساڵحی ڕەشە خاوەنی سینەما ڕەشید دوکانێکی گەورەی داناوە بەناوی ساردەمەنی و شیرینی گوڵاڵە
دواتر لە شەقامی کاوە پێش گەیشتن بە ئەسحابەسپی کارگەی چلورەی ئەرخەوان ی دامەزراندوە مناڵان بە تەرمۆزەی شوشە و دواتر بە تەبەتۆر بە کۆڵانەکاندا چلورەی ئەرخەوان یان ئەگێڕا و ئەیان فرۆشت ، لەسەر بابەتی تەرمۆزی شوشە زۆر چیرۆکی خۆش هەیە
یەکێک لە کارە جوان و دەسگیرۆیی یەکانی کاک نوری گوڵاڵە بۆ مناڵانی بێ باوک بێ بەرامبەر چلورەی پێ ئەدان لەپێناو دەستکەوتی ڕۆژانەیان ئەوکاتەی پشووی هاوینەی خوێنکاران بو
کۆچکردوو شان بەشانی بەرەوپێش چون و فراوان بونی کار و بازرگانی یەکانی و پێکەوەنانی سەرمایە هەمووکات بیری لای کاری چاکە و خێر و خێرات و دەستگیرۆیی کەسانی کەم دەرامەت بوە
ئەوەی کە لە ژیانی ئەم پیاوە زۆر باس ئەکرا لەدەمی خاوەن دوکان و حەماڵەکانەوە
هەموو ساڵێک چەند جار ئەم کارەی دووبارە کردۆتەوە
چەند ڕۆژ پێش جەژن هەموو ماڵە هەژارەکانی ناوشاری دەست نیشان کردوە خۆی چۆتە ناو بازاڕ بۆ مەیانەکە ، بەر بەلەدیەکەی ئێستا کاسەی جەژنی بۆ هەموو ماڵەکان کڕیوە و ئامادەی کردوە بۆ هەرماڵێک ناونیشانی داوە بە حەماڵی زەمیلەکە پێان ئەوتن حەماڵی شارەزا بە زەمیلەی شان و کۆڵ ئەیگەیاندە ماڵەکان بەبێ ئەوەی هیچ یەکێ لەماڵەکان بزانێ ئەم خێر و کاسەی جەژنە هی کێ یەو کێ ناردویەتی
ـــ بەسەرهاتێکی کاریگەر لەدەمی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی کۆچکردو کاک نوری
گێڕایەوە ووتی دوای کۆچی دوایی ، هاوڕێ و ناسیاوەکانی سەردانیان ئەکردین بۆ دڵنەوایی و دەربڕینی هاوخەمی
ڕۆژێک پیاوێکی ناسیاوی سەردانی کردین باسی بەسەر هاتێکی چاکە و پیاوەتی بۆ کردین ، ووتی لەگەڵ هاوسەرەکەم بە مەبەستی چارەسەر و نەشتەرگەری بۆ هاوسەرەکەم چوبوین بۆ بغداد ئەو پارەیەی بۆ نەشتەرگەری یەکە داوایان ئەکرد پێم نەبوو لێم ببو بەکێشە و زۆر بێتاقەتی کردبوم ئەمزانی ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ سلێمانیش ئەو پارەیەم پێ پەیدا ناکرێ ، لەو بیرکردنەوەیا بووم چارەسەرێک بدۆزمەوە چاوم کەوت بە کاک نوری دوای سڵاو چاک و خۆشی و هەواڵپرسین هەستی کرد بێتاقەتم پرسیاری کرد لە هۆکاری هاتنەکەم و بێتاقەتی یەکەم ، منیش باسی حاڵی خۆمم بۆ کرد ، کاک نوری دڵنەوایی زۆری کردم و وتی خەم مەخۆ خوا گەورەیە و انشااللە بۆت ئاسان ئەبێت ، ئەمەی وت و باوەشێکی توندی پیاکردم و خواحافیزی لێکردم و ڕۆیشت لەدڵی خۆمدا وتم کە پارە نەبێ چۆن چۆنی ئاسانە ، پاش جیابونەوەم بەهەمان خەمەوە دەستم کردەوە بە ڕۆیشتن بەدەم پیاسەوە دەستم کرد بە گیرفانما دەستم بەر شتێک کەوت کە دەرم هێنا بینیم بڕێک پارەی باش لە گیرفانمە لەوە تێگەیشتم کاک نوری ئەوکاتەی دڵنەوایی کردم و باوەشی پیاکردم ئەو پارەیەی خستۆتە گیرفانمەوە بێ ئەوەی پێم بڵێ و هەستی پێبکەم ، وتی کاک نوری نەیویست راستەوخۆ پارەکەم بداتێ نەوەک من شەرمەزاربم و هەستم بریندار بێت یان قبوڵی نەکەم .
بەداخەوە ئەم پیاوە خۆشەویست و میهرەبان و خێرخوازە لە بەرواری ۲٥/۱۱/۱۹۷۸ لە ڕێگای نێوان بغداد ــ سلێمانی بە کارەساتی ئۆتۆمبیل گیانی لەدەستدا
کاوەی ئیزاعە
۳۰/۳/۲۰۲۰ سلێمانی






به‌روار:  01/04/2020
873   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   925
کۆی سه‌ردان:   29255777