فەیسبووک لە کوردستان خزمەتگوزاریی دژە کۆرۆنای چالاککرد
کەمێک لەمەوبەر کۆمپانیای فەیسبووک خزمەتگوزاریی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ هەرێمی کوردستانیش کاراکرد، کە ئەم خزمەتگوزارییەی بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان کاراکردووە؛ خزمەتگوزارییەکە لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای فەیسبووک هاتووەتە ئاراوە.
خزمەتگوزارییەکە بەجۆرێکە کە بە زمانی کوردی رێنماییەکانی حکومەتی وڵاتەکەت دێتە سەر نیوزفیدی هەژماری فەیسبووکەکەت، خزمەتگوزارییەکەش بە هەردوو شێوە زاری زمانی کوردی (کرمانجی و سۆرانی) بەردەستە.
هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو لەبارەی خزمەتگوزارییەکەوە گوتی "خزمەتگوزارییەکی زۆر گرنگە، ئەوەش گرنگە کە بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانە کراوە کە تووشبووی کۆرۆنایان تێدایە و کوردستانیش لەنێویاندایە و ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە".
هەر لەبارەی گرنگیی خزمەتگوزارییەکە بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەمڕۆوە هەموو بەکارهێنەرێکی فەیسبووک لە هەرێمی کوردستان ئەو خزمەتگوزارییەی پێدەگات کە لەڕێگەیەوە رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێدەگات و دەتوانێت بەکاریبهێنێت و بیبینێت.
هێمن لهۆنی گوتیشی، ئەم خزمەتگوزارییە بە پلەی یەکەم بۆ پاراستنی خەڵکە و دووەمیش بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست، بۆیە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی وەکو وەزارەتی تەندروستیی وڵاتان بۆ بەکارهێنەرانی فەیسبووک دانراون.
فەیسبووک لەژێر ناوی "هاوکاربن لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا" رایگەیاندووە "کاتێک پرسەکە دێتە سەر تەندروستی، هەمووان باشترینیان دەوێت بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان. دوایین زانیارییەکان لە وەزارەتی تەندروستییەوە بزانە، بەو شێوەیەش دەتوانیت رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناسراو بە کۆڤید-19، بکەیت".
رووداو
بهروار: 27/03/2020
406 جار خوێندراوهتهوه
|