دەیان جەندرمەی تورک لە ئیدلب کوژران
شەڕ لە ئیدلب بەرفراوان بوو، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا دژی سوپای داگیرکەری تورک دەیان سەربازی تورک لەو شارە کوژران، تورکیاش باڵیۆزی ڕوسیای لە وڵاتەکەی کردەدەرەوە و هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات.

شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا و ڕژێمی سوریا دژی سوپای داگیرکەری تورک لە ئیدلب دەیان سەربازی سوپای ئەو وڵاتە کوژران و برینداربوون.

بەپێی لێدوانی ڕەحمی دۆغان قائیمقامی هاتای، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر ئیدلب لە سوریا ٣٣ سەربازی سوپای تورک کوژراون و ٣٦ سەربازی دیکەش برینداربوون.

دوابەدوای کوژرانی دەیان سەربازی تورک لە ئیدلب، ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند: لە وەڵامی هێرشەکان دژی سوپاکەمان لە ئیدلب بە پشتیوانی هێزەکانی ئاسمانی و زەمینی هێرشەکانمان دژی سوریا دەستیپێکردووە و بەردەوامی پێدەدەین.

لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، دوابەدوای کوژرانی سەربازانی تورک لە ئیدلب، تورکیا دەرگای بۆ کۆچبەرانی سوریا کردووەتەوە کە ڕوو لە ئەروپا بکەن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکەپە، ڕایگەیاند: ئەنقەرە چێتر توانای کۆنترۆڵ کردنی کۆچبەرانی نییە.

هەر دوای هێرشەکان بۆسەر سوپای داگیرکەری تورک لە ئیدلب، دەستگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا لەلایەن دەوڵەتەوە ئاستتەنگ کرا و تۆڕەکانی فەیسبوک، تویتەر، ئینستاگرام، یوتوب و گوگل داخران.

ئەمڕۆ ڕاگەیاندنەکانی تورک ڕایانگەیاند کە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری دەوڵەتی تورک دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەردۆغان، چووەتە ناوەندی فەرماندەیی سوپای تورک لە پارێزگای هاتای و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دژی سوپای ڕژێمی سوریا گرتووەتە ئەستۆ.

لە بارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند: سەربازانی سوپای تورک لەناو چەتەکان بوون و تورکیا ئێمەی لە هەبوونی سەربازانی لە ئیدلب ئاگادار نەکردووەتەوە.

جگە لە لێدوان و ئامارە فەرمییەکان لەسەر ڕووداوەکانی شەوی ڕابردوو لە ئیدلب، بەپێی ئەو دیمەنانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کەسێک کە لە نەخۆشخانەی شاری هاتایە، ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ١٥٠ کوژراو هەیە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لە وەڵامی کوژرانی سەربازانی لە ئیدلب دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگی فڕۆکەخانەی حمێمیمی کردووەتە ئامانج و باسی ئەوەش دەکرێت کە فڕۆکەیەکی ئف-١٦ی سوپای تورک لە ئیدلب لەلایەن ڕوسیاوە خراوەتە خوارەوە.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  28/02/2020
286   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1604
کۆی سه‌ردان:   29265559