وێنەی ئەو کەسەی لەسەرەی بەنزین کوژرا
(سبەى):

لە ناحیەى ژاراوەى سەر بە قەزاى پشدەر، بەهۆى دروستبونى شەڕ و دەمەقاڵێ لە کاتى سەرەى بەنزین، کەسێک کوژرا و دو کەسى دیکەش بریندار بون.

شەوى رابردو لە کاتى دروستبونى نۆرەى بەنزین لە ناحیەى ژاراوە، شەڕو دەمەقاڵێ لە نێوان دو کەس دروست دەبێت، هەرچەندە ئەمڕۆ بە هەوڵى هەندێ خەڵک و ناسیاوى هەردولا ئاشتکراونەتەوە و کێشەکە کۆتایى هاتوە، بەڵام ئێوارەى ئەمڕۆ جارێکى دیکە شەڕ لە نیوانیان دروست دەبێتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک دەکوژرێت و دو کەسى دیکەش بریندار دەبن، ئەوەش بە وتەى سەرچاوەیەکى (سبەى) لە ژاراوە.

بە وتەى سەرچاوەکە؛ کوژراوەکە ناوى (واحید)ـە و خەڵکى گوندى بەلکى سەر بە ژاراوەیە و باوکى دو منداڵە و لە روداوەکەدا دایکیشى بریندار بوە، لەلایەنى بەرامبەریش کەسێک بەناوى (أ.م) کە پیشەى پۆلیسى پاسەوانى دارەستانە بریندار بوە.

بۆ زانیارى زیاتر (سبەى) پەیوەندى بە شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕینەوە کرد، تەنها کوژرانى کەسێک و برینداربونى دو کەسى دیکەى لەو روداوە پشتڕاستکردەوە و وتى:"تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان نەهاتوە، دواتر زانیارییەکان بە فەرمى دەخەینەڕو".
به‌روار:  26/02/2020
405   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   965
کۆی سه‌ردان:   29263095