کۆرۆنا لە سوویسرا و نەمسا و ئیسپانیا و کرواتیا تۆمار کرا
میدیا ئەوروپییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ لە نەمسا دوو حاڵەت، کرواتیا یەک حاڵەت، ئیسپانیا یەک حاڵەت و سویسراش یەک حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون.

بەرپرسانی تەندروستی وڵاتی نەمسا رایانگەیاند، دوو توشبووەکە هاوڵاتی ئیتاڵین و نیشتەجێی هەرێمی تایرۆڵن لە نەمسا و بەم دواییانە سەردانی ئیتاڵیایان کردووە.

هاوکات، بەرپرسانی تەندروستیی کرواتیا رایانگەیاند، توشبووەکە کۆتایی هەفتەی رابردووی لە شاری میلانی ئیتاڵیا بەسەربردووە و کە گەڕاوەتەوە نەخۆشکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی تەندروستیی ئیسپانیا رایانگەیاند، کەسێک لە هەرێمی بەرشەلۆنە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کە بەمدواییانە گەشتی بۆ باکوری ئیتاڵیا کردووە.

بەرپرسانی تەندروستیی سویسراش رایانگەیاند، کەسێک لە کانتۆنی تیچینۆ کە هاوسنورە لەگەڵ ئیتاڵیادا توشی ڤایرۆسەکە بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا هەر پێنج توشبووەکەی ئەو چوار وڵاتە لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە وڵاتی ئیتاڵیا، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شەش کەسەوە بۆ ٢٨٣ کەس و گیانلەدەستدانیش بۆ ٧ کەس بەرزبوونەتەوە و بەوەش زۆرترین حاڵەتی توشبوونی لەناو هەموو وڵاتە ئەوروپییەکاندا تۆمارکردووە.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس و توشبوونیش بۆ زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ئێن ئاڕ تی
به‌روار:  25/02/2020
390   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   646
کۆی سه‌ردان:   29257254