لە هەرێم دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگیران
حکومەتى هەرێم راگەیاند، لەسبەینێوە تا 10ى ئازار لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن، پەیمانگا حکومى و تایبەتەکان رادەگرێت. دەشڵێت، دواى ئەو پشووانە لەڕۆژى 11 تا 23ى ئازار پشووى ساڵانەى بەهار دەبێت لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن.

دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران:

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویست بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات.

• لە رۆژی چوارشەممە 2020/2/26 ەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان ( حکومی و تایبەت)  پشووی فەرمی دەست پێدەکات  .

• سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان : هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/2/25 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی میونیخ و دیداری پاپای ڤاتیکان و بەرپرسە باڵاکانی ئیتالیا . سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازییەکی شایستە و گرنگ لە شاندی هەرێم کرا کە نیشانیدا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی رێزەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پێزانینی هەیە بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تووندڕۆیی و بەیەکەوەژیانی ئایینی .

پاشان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدرال کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ تەنیا دامودەزگا فەرمیی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار لە سەر شێوازی بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بدات و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوهەڵوێستن لە سەر ئەم بابەتە.

کۆبوونەوەکە  هەروەها گفتوگۆی دەربارەی  پلان و هەنگاو و رێکارەکانی  حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد. وەزیری تەندروستی دوکتۆر سامان بەرزنجی راپۆرتێکی دەربارەی دوایین زانیاریی و پێشهاتەکانی  ڤایرۆسەکە و کێشە و پێشنیارەکانی چارەسەریی پێشکەشکرد. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان  .

ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بڕیاریدا :

٠رۆژانە زانیاریی دروست و رێنمایی پێویست لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە بە رای گشتی بدرێت.

•لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی  2020/2/26 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە وباخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 2020/3/10  بکرێتە پشوو ، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لە رۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23 /3/ 2020 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی 2020/3/24 پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە. هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.

• بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان ، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان .

• بە هیچ شێوەیەک رێگە بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نادرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

• حکومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات کە گشت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات وجموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان. 

• ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە پێداویستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات. پێشنیارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیش پەسەند کران و هەردوو وەزارەتەکە راسپێردران بۆ جێبەجێکردنیان.  

• ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات کە هاوکاری  جێبەجێکردنی پلان و رێنماییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بن و رێنماییەکانی خۆپارێزییش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.

ئێن ئاڕتی
به‌روار:  25/02/2020
478   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   349
کۆی سه‌ردان:   29232418