ناكۆكی ده‌كه‌وێته نێوان توركیا و گروپه چه‌كداره‌كانی سووریا
K24
ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمیی سووریا "سانا" بڵاویكرده‌وه، هێزه‌كانی توركیا ده‌یان چه‌كداری ئۆپۆزسیۆنی له باكووری سووریا ده‌ستگیركردووه، به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌یان بۆ به‌شداریكردن له شه‌ڕی ئیدلب.
ئاژانسه سوورییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، "هێزه‌كانی توركیا ده‌یان چه‌كداری ئه‌و گروپه تیرۆریستییانه‌ی له ناوچه‌ی سه‌رێ كانیێ ده‌ستگیركردووه، كه فه‌رمان له ئه‌نقه‌ره وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه له ترسی به‌شداریكردن له شه‌ڕی دژ به سوپای سووریا له ئیدلب، هه‌وڵی راكردنیان به‌ره‌و ناو خاكی توركیایان داوه"، دووپاتیشیكرده‌وه، "هێزه‌كانی توركیا ده‌روازه سنوورییه‌كانی به ڕووی ئه‌و "تیرۆریستانه‌دا" داخستووه، كه به فه‌رمانی ئه‌نقه‌ره ده‌جووڵێنه‌وه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ی شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌خت له نێوان هێزه‌كانی توركیا و گروپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هێزه‌كانی سوپای سووریا به پاڵپشتی رووسیا به‌رده‌وامه.
له‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌شدا سوپای سووریا پێشڕه‌وی به‌رچاوی كردووه و، به‌گوێره‌ی روانگه‌ی سووریاش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، تادێت هه‌ردوو لا هێزی پێداویستیی سه‌ربازی زیاتر ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
به‌روار: 23/02/2020
478 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|