لە سەدا ٨٠ی خەڵکی ئێران بەشداری هەڵبژاردن ناکەن
بەپێی چەندین ڕاپرسی کە ڕاگەیاندنەکانی ئێران ئەنجامیانداوە و سەدان هەزار کەس تێدا بەشدارییان کردووە، زیاتر لە ٨٠٪ی هاوڵاتیانی ئێران بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ناکەن، کە بڕیارە ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوو بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی ڕێبەری ئێران کاردەکەن، چەند ڕاپرسییەکیان ئەنجامدا لەسەر ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی ئێران، کە بڕیارە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی یەکێک لەو ڕاپرسیانە، کە "تۆڕی هەواڵ"، کە کەناڵێکی فەرمی تەلەفزیۆنی ئێرانە، لەژێر ناوی "ڕاپرسی گەورەی نیشتمانی" ئەنجامیدا، لە ڕاپرسییەکەدا، پرسیار کرابوو کە "لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنگ بە کام پارت دەدەی؟"، بژاردەکانیش ئەمانە بوون؛ ڕێفۆرمخواز، بناژۆخواز، میانەڕەو و دەنگ نادەم.
بە بەشداریی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس، لە ئەنجامدا بژاردەی ڕێفۆرمخواز ٤٪ی دەنگەکانی وەرگرت، بژاردەی بناژۆخواز (کە لایەنگران و کەسانی نزیک لە دەسەڵات و ڕێبەری ئێرانن)، ٦٪ی دەنگەکانی وەرگرت، بژاردەی میانەڕە و ٤٪ی دەنگەکانی وەرگرت و ٨٦٪ی بەشداربووانیش بژاردەی "دەنگ نادەم"ـیان هەڵبژارد.
ئەم ئەنجامە کە دڵخوازی کاربەدەستان نەبوو لەسەر هەمان بابەت بژاردەکانی گۆڕدرا و کران بە؛ ١- بەپێی ئەو پێوەرانەی ڕێبەر (خامنەیی) دەستنیشانی کردووە دەنگ دەدەم، ٢- بناژۆخوازەکان، ٣- ڕێفۆرمخوازەکان، ٤- دەنگی سپی دەخەمە سندوق و ٥- دەنگ نادەم.

لەم ڕاپرسییەشدا کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزارکەس بەشدارییان کردبوو، ئەمجارەش ئەنجامەکان جیاوازییەکی زۆریان نەبوو و بەمشێوەیە بوو؛ بژاردەی "بەپێی ئەو پێوەرانەی ڕێبەر (خامنەیی) دەستنیشانی کردووە دەنگ دەدەم"، ١٤٪ دەنگەکانی وەرگرت، بژاردەی "بناژۆخوازەکان" ٥٪ی دەنگەکانی وەرگرت، بژاردەی "ڕیفۆرمخوازەکان ٤٪ی دەنگەکانی وەرگرت، بژاردەی "دەنگی سپی دەخەمە سندوق" ٤٪ی دەنگەکانی وەرگرت و بژاردەی "دەنگ نادەم" ٧٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

لە ڕاپرسییەکی دیکەدا کە "کەناڵی هەواڵی بەپەلە" ئەنجامیدابوو و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس تێدا بەشدارییان کردبوو، ئەمجارەش بژاردەی دەنگ نادەم ٧٩٪ی دەنگەکانی وەرگرت.
هەروەها لە ڕاپرسییەکی دیکەدا کە کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران و لەژێر پرسیاری "لە هەڵبژاردن دەنگ بە کام گروپ دەدەی" ئەنجامیداوە و ١٢٤ هەزار کەس تێدا بەشدارییان کردووە، بژاردەی؛ ڕیفۆرمخواز ٣٪ی دەنگەکان، بژاردەی بناژۆخواز ٤٪ی دەنگەکان و بژاردەی "دەنگ نادەم" ٩٣٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
ڕاپرسییەکانی "تۆڕی هەواڵ" و "کەناڵی هەواڵی بەپەلە" کە سەربە ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئێرانن و بەتایبەت لەژێر چاودێری ڕێبەری ئێران کاردەکەن، بەهۆی ئەوەی ئەنجامەکانی دڵخوازی دەسەڵاتداران نەبوو، لە ئێستادا سڕدراونەتەوە.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  08/02/2020
379   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   376
کۆی سه‌ردان:   29231995