ڤیدیۆی مۆمیایەك دوای سێ هەزار ساڵ لە مردنی دەنگی لێوەدەردەچێت
توێژەران لە بەریتانیا توانیان دووبارە دەنگی قەشەیەکی فیرعەونی "نیسیامۆن" کە مۆمیاکراوە و ٣٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا مردووە دروستبکەنەوە، کە ئەمەش لەڕێگەی چاپی سێ دووری لە "ڕێڕەوی دەنگ".

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، توێژەران وتوویانە دەنگی ئەم مۆمیایەی نیسیامۆن کە لە مۆزەخانەی شاری لیدزی ئینگیلیزیدایە و لە سەردەمی فیرعەون رمسیسی یەزدەیەمیندا ژیاوە، دوای سێ هەزار ساڵ لە مردنی و مۆمیاکردنی گوێ لە دەنگی گیرا.

مۆمیای نیسیامون جێگەی سەرنجێکی ورد بووە و ساڵی ١٨٢٤ دۆزراوەتەوە، ئەو قوماشە کەتانەییەی لەبەریدا بووە شیکراوەتەوە.

 دوای پشکنین و تاقیکردنەوە جیاوازەکانیش دەرکەوت، ئەم قەشەیە لە تەمەنی ٥٠ کاندا بووە لەو کاتەی مردووە، رەنگە خنکابێت، بەهۆی ئەوەی وەڵامدانەوەیەکی جەستەیی هەستیاریی هەبووە کەبەهۆی ئەوەوە دروستدەبێت کە مێروویەك داوییەتی بە زمانییەوە.

هۆکاری ئەم ئەگەرەش بەگوێرەی یەکێك لە پسپۆڕان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زمانی لە دەرەوەی دەمیدایە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک گەشتبێت بە ئێسکەکانی دەوری دەم و ملی.

بەم دواییانە زانایان لە مۆزەخانەی ناوبراودا بە چاپی سێ دووری ڕێڕەوی دەنگی ئەم قەشەیان دروستکرد بۆئەوەی گوێیان لە دەنگی بێت.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاری ئەلیکترۆنی لە کۆلێژی رۆیاڵ هۆڵوای لە زانکۆی لەندەن و یەکێك لە بەشداربووان لە توێژینەوەکە، دەیڤید هوارد وتی: ئەوەی کردوومانە بەرهەمهێنانی دەنگی نیسیامونە، بەڵام روونە کە ئەمە دەنگی تەواوەتی نییە چونکە قسە ناکات.

لەم بارەیەوە گروپی توێژەران لە گۆڤاری "راپۆرتە زانستییەکان" نوسیویانە، ئەم مۆمیایەیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەی لیدزی گشتی، لەوێدا ژمارەیەکی زۆر پشکنینیان بۆکردووە بە تیشک، لەدواتردا توانیویانە ڕێڕەوی دەنگی بۆ دروستبکەنەوە و بە چاپی سێ دووری بەرهەمی بهێننەوە.

ڕێڕەو یان بۆری دەنگ، کاردەکات بۆ پاککردنەوەی ئەو دەنگەی کە دروستدەبێت لە رێگەی ئەو هەوایەی بە قوڕگدا تێدەپەڕێت، ئەمەش وادەکات هەر کەسێک دەنگێکی تایبەتیی هەبێت.

هوارد ئەوەشی وتووە، ئەگەر بەڕاستی ئەم قەشەیە مێروویەك دابێتی بە زمانییەوە، ئەوا واچاوەڕوان دەکرێت کۆتا وشەکان کە وتوویەتی "ئاو" یان "ئاخ" یان "ئای" بووبێت، بەڵام گروپی توێژەران ئاشکرایانکرد کە کۆتا دەنگ کە دەریکردووە لەوەدەچوو بڵێت "ئیووغغغ"

ئاماژە بەوەشدراوە کە دووری دیواری قوڕگ و رێچککانی دەنگی دەریان خستووە کە دەنگی ئەم قەشەیە لە دەنگی پیاوێکی ئێستا بەرزتر بووە، ئەمەش رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە کارەکەیدا چونکە دەبووایە بەدەنگی بەرز قسە بکات و گۆرانی بڵێت.
سەیری ڤیدۆکە بکە

ئێن ئاڕتی
به‌روار:  25/01/2020
1232   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   989
کۆی سه‌ردان:   29235800