ژەنراڵ حەفتەر بەبێ ڕێککەوتن مۆسکۆی جێهێشت
لە کاتێکدا بڕیاربوو سوپای نیشتمانی لیبیا و دەوڵەتی هاوپەیمانی (تەرابلوس) بە ناوبژیوانی ڕوسیا دانوستان لەسەر کێشەکانی نێوانیان بکەن، فەرماندەی سوپای نیشتمانی بێ ڕێککەوتن مۆسکۆی جێهێشت.

بڕیار بوو دوێنێ بە ئامادە بوونی خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا و فایز سەراج، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی هاوپەیمانی (تەرابلوس) لە لیبیا بە ناوبژیوانی کاربەدەستانی ڕوسیا لەسەر داوای ڤلادمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕوسیا و ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورک، لەسەر کێشەکانی نێوان دانوستان بکەن.

بەپێی ئاژانسەکانی ڕوسیا خەلیفە حەفتەر لەسەر ئەوەی هێزەکانی لە تەرابلوس بکشێتەوە ڕێکنەکەوتووە و ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی لەوێ دەمێننەوە و ناکشێنەوە.

لەسەر ئەو بابەتە سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: نوێنەری دەوڵەتی هاوپەیمانی لیبیا ڕێککەوتنەکەی بۆ ئاگربەست واژۆ کردووە، بەڵام ژنراڵ حەفتەر ئامادە نەبووە ڕێککەوتنەکە واژۆ بکات و ڕایگەیاندووە کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ تاووتوێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوو هێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا دوای کۆنترۆڵ کردنی شاری سرت، گەیشتوونەتە نزیک تەرابلوس و بە نیازن ئەو شارە کۆنترۆڵ بکەن.

جێگەی ئاماژەیە دوای ڕووخانی دەوڵەتی موعەمەر قەزافی ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆ لە لیبیا دەستیپێکرد، لە ئێستادا لیبیا بووەتە دوو بەشەوە کە بەشێکی بچووکی بە دەست دەوڵەتی هاوپەیمانی لیبیاوەیە کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی دانیپێنراوە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکرێت و زۆربەی چەکدارەکانیشی ئەندامی گروپە توندڕەوەکانن و تورکیاش لەم ماوەیە سەرباز و چەتەکانی بۆ پشتیوانییان ناردووەتە تەرابلوس، لە لایەکی دیکەوە بەشی هەرە گەورەی خاکی لیبیا لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای نیشتنمانی لیبیایە کە ناوەندەکەیان لە بنغازییە و لەلایەن ڕوسیا و میسرەوە پاڵپشتی دەکرێن.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  15/01/2020
353   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   396
کۆی سه‌ردان:   29232130