ئێران: فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە هەڵە بە مووشەک خراوەتەخوارەوە

رووداو 
 

سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو فڕۆکە ئۆکراینییەی چوارشەممە کەوتەخوارەوە لە ناوەندێکی سەربازیی هەستیار نزیکبووەتەوە و بەشێوەیەکی نەخوازراو و بە هەڵەیەکی مرۆیی فڕۆکەکە بەر مووشەکی سیستەمی بەرگریی ئێران کەوتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستاوە و بەنزمی بەسەر ئەو ناوەندە سەربازییەدا سووڕاوەتەوە. 
 
هاوکات محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێکدا هەواڵەکەی پشڕاستکردەوە و داوای لێبووردنیشی لە خەڵکی ئێران کرد. 
 
جەواد زەریف لە توویتەکەیدا نووسیویەتی، ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی هێزە چەکدارەکان ئەوەیە کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی هەڵەیەکی مرۆییەوە بووە، پەشیمانی قووڵمان، داوای لێبووردن و سەرەخۆشی لە خەڵکی خۆمان و خێزانی قوربانییەکان و ئەو نەتەوانەی دیکە دەکەین کە خەڵکیان لە رووداوەکەدا بوونە قوربانی. 
 

بەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆکەیەکی هێڵی تاران - کییەف شەش خولەک دوای هەستان لە فڕۆکەخانەی تاران، لە نزیک شاری شەهریار لە پارێزگای تاران کەوتەخوارەوە. تەواوی 176 کەس سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە 10ـان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانبوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە جەستن ترودوو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەدات فڕۆکە ئۆکراینییەکەی فڕۆکەخانەی تاران بە مووشەکێکی زەوی بە ئاسمانی ئێرانی خراوەتە خوارەوە، ئەوەشی گوت کە دەکرێت ئەو رووداوە بە مەبەست نەبووبێت. 

هاوکات سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران رەتیکردەوە فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە مووشەک خرابێتەخوارەوە و دەڵێت، کردنەوەی سندووقە رەشەکە هەموو شتێک ئاشکرادەکات و قسەکانیان دەسەلمێنێت.
به‌روار:  11/01/2020
456   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   780
کۆی سه‌ردان:   29230928