ماکرۆن پشتگیری یەپەگە دژی ئەردۆغان لە ناتۆ دەکا


رووداو - هەولێر

ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامانی ناتۆ لە بەریتانیا باشتر روونبوونەوە کاتێک سەرکردەکان چاویان بەیەک کەوت. ماکرۆن روونکردنەوە لەسەر قسەکانی پێشووتری دەدات و سەبارەت بە تورکیاش رایگەیاند "تورکیا یەپەگە و ئەوانیدی بە تیرۆریست دادەنێت. کە ئەمە پێناسەی ئێمە نییە".

توڕەییەکی زۆر بە ئەندامانی ناتۆەوە دیارە ئەوەش دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، لە رووی ستراتیژییەوە "ناتۆ مێشکی مردووە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، هیچ ئەندامێک بەقەد فەرەنسا پێویستی بە ناتۆ نییە. "راشکاوانە دەیڵێم، ئەمریکا کەمترین پێویستی بە ناتۆ هەیە. کەمترین سوودی بۆ ئێمە هەیە. ئێمە یارمەتی ئەوروپا دەدەین، ئەورووپا یەکدەگرێت و دژی دووژمنێکی هاوبەش دەوەستنەوە کە لەوانەشە دووژمن نەبێت. کاتێک فەرەنسا راگەیێندراوێکی لەو جۆرە لەسەر ناتۆ بڵاودەکاتەوە. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە".

ترەمپ کە لێدوانەکانی ماکرۆنی لەبارەی ناتۆ بە ناشرین وەسفکردبوون، هەر لە لەندەن لەگەڵ ماکرۆنیش کۆبووەوە.

رۆژنامەڤانان گوشاریان خستە سەر ماکرۆن روونکردنەوە بدات کە بۆچی ناتۆی بە مێشک مردوو ناوبردووە.

ماکرۆن نەک تەنیا پەشیمان نەبووەوە لە لێدوانەکەی، بەڵکو هۆکاری ئەو لێدوانەیشی خستەڕوو و گوتی، تورکیا یەکێکە لەو لاوازییانەی ناتۆ، دەچێت شەڕی ئەو لایەنە دەکات کە لەگەڵ ئێمە شەڕی داعشیان کردووە.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد "هیچ نەبێت دوو روونکردنەوەمان دەوێت، چۆن دەبێت ئەندامی هاوپەیمانییەک بێت و لەگەڵ ئێمە بێت و شت لە ئێمە بکڕی و بچیت سیستەمی ئێس 400 لە رووسیا بکڕیت. لە رووی تەکنیکییەوە ئەمە ئەستەمە. سەرۆکی تورکیا دەبێت روونکردنەوە بدات لەسەر ئەمانە ئەگەر بییەوێت وەکو بەشێک لەئێمە بمێنێتەوە. شتێکی دیکە، تورکیا دەیەوێت بەرەوڕووی هەموو راگەیێندراوەکان لەلایەن لووتکەکەوە بوەستێتەوە ئەگەر ئێمە نەچینە سەر رای ئەوان لەسەر پێناسەی رێکخراوی تیرۆر. یەپەگە و ئەوانیدی بە تیرۆریست دادەنێت. کە ئەمە پێناسەی ئێمە نییە".

شتێک کە زۆربەی ئەندامانی ناتۆ لەسەری کۆکن ئەوەیە؛ داعش لە عێراق و سووریا و جێگیرکردنی سیستەمی مووشەکی رووسیا لەنزیک سنوورەکانی ئەورووپا هەڕەشەی گەورەن.

هەروەها وڵاتانی ئەندام لەناتۆ پێویستییان بە خەرجکردنی بڕە بودجەیەکی زیاترە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری هاوپەیمانەکە.





به‌روار:  04/12/2019
1530   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   471
کۆی سه‌ردان:   29233187