تەندروستی دەمیرتاش لە زیندان تێکچووە و نەیانبردووە بۆ خەستەخانە
(سبەى):
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە دۆخى تەندروستى لە زیندان تێکچوە و بوراوەتەوە، خۆشکەکەشى دەڵێت:"سەربارى ئەو دۆخە تەندروستییە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رەزامەند نەبون رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت".
ئایگول دەمیرتاش خوشکە بچوکی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تویتەرەوە هەواڵی خراپبونى بارى تەندروستى سەڵاحەدین دەمیرتاش پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت:"دەمیرتاش لەزیندانی ئەدرنە دوچاری کێشەی هەناسەدان و تەنگەنەفەسی بوە دواتر بەو هۆکارە لەنێو زیندان بوراوەتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا رەزامەند نەبون رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت".
ئایگول لەتویتەر نوسیویەتی؛ "سەڵاحەدین دەمیرتاشی برام کە لە زیندان بوراوەتەوە بەهۆی کێشەی تەنگەنەفەسی و نەتوانینی هەناسەدانەوە، ماوەیەکی درێژ بەو دۆخەوە لەزیندانەکەیدا ماوەتەوە کەس لەنێو کارمەند و بەرپرسان بەهانایەوە نەچون، عەبدوڵا زێدانی هاوڕێی بەهانایەوە چوە".
ئایگول دەشڵێت "دواتر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن چوەتە زیندانەکە، پزیشکى زیندانەکە داوایکردوە دەمیرتاش ببرێتە نەخۆشخانە پشکنینی تەواوی دڵ و مێشک و هەناوی بۆ بکرێت، بەڵام بردنە دەرەوەى بۆ دەرەوەی زیندان و نەخۆشخانە رەتکراوەتەوە و تەنها ئەو تیمە ئیکۆی دڵیان بۆ گرتوە".
ئایگول لەدرێژەی تویتەکانیدا دەڵێت: "دوای زانینی هەواڵەکە لەگەڵ پارێزەرەکانی چوینە زیندان بۆئەوەى براکەم ببینین و ببرێتە نەخۆشخانە، بەڵام حەوت رۆژ بەسەر نەخۆشکەوتنیدا تێپەڕیوەو تا ئێستا ئامادەنین براکەم بنێرنە نەخشخانە، ئێمە ترسمان لەدۆخی تەندروستی دەمیرتاش هەیە لە ئێستاوە تا (24) سەعاتى داهاتو لەگەڵ پارێزەرەکانی بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکەین، ئەگەر نا هەڵوێستی دیکەمان دەبێت"
بهروار: 03/12/2019
537 جار خوێندراوهتهوه
|