یەک ملیۆن ئەندام پارتەکەی ئەردۆغانیان بەجێهێشتووە
ئەردۆغان یەک ملیۆن ئەندامى پارتەکەى لە دەستدەدات+ -
(سبەى):
چەند بەڵگەنامەیەک وازهێنانى بەکۆمەڵى ئەندامى پارتى داد و گەشەپێدان لە تورکیا ئاشکرا دەکەن، بەجۆرێک تەنها لەماوەى یەک ساڵدا نزیکەى یەک ملیۆن ئەندامى ئاکپارتى دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

رۆژنامەی زەمانی تورکی پشتبەستن بە ژمارەیەک بەڵگەنامە، لەراپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە، تەنها لەماوەی دو مانگی رابردودا نزیکەی (60) هەزار ئەندامی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا دەستیان لەپارتەکەیان کێشاوەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکانی نوێنەرایەتی گشتی دادگای باڵای تورکیا، لە شەشی ئەیلولی ئەمساڵەوە، ژمارەی ئەندامانی ئاكپارتی (57) هەزار و (856) ئەندام کەمی کردوە، هاوکات لەمانگی ئابی ساڵی (2018)ـەوە، زیاتر لە (900) هەزار ئەندامى ئاکپارتى دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

دەستلەکارکێشانەوەی ئاشکرای ئەندامانی ئاکپارتی لەوکاتەوە دەستی پێکرد، کە عەلی باباجان وەزیری پێشوی ئابوری تورکیا لەمانگی تەمموزی رابردودا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئاکپارتی کرد، دواتریش ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی پێشوی تورکیا کە لەپشکى ئاکپارتی بو، بەهەمان شێوە دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتەکەی رایگەیاند.

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی راگەیاندنی دو پارتی سیاسی نوێ لە تورکیا، بە رابەرایەتی هەریەک لە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان، بەردەوام ژمارە و رێژەی ئەو ئەندامانەی رۆژانە دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی ئاکپارتی دەکەن لەزیابوندایە.

بەپێی راپۆرتەکانی نوێنەرایەتی گشتی دادگای باڵای تورکیا، لە شەشی ئەیلولی رابردودا ژمارەی ئەندامانی ئاکپارتی نۆ ملیۆن و (847) هەزار و (843) ئەندام، بەڵام لە دو مانگی رابردودا ئەو ژمارەیە بۆ نۆ ملیۆن و (816) هەزار و (986) ئەندام کەمی کردوە.

لە ساڵی (2016) ئەوکاتەی هەوڵی کودەتا درا لە تورکیا ژمارەی ئەندامانی ئاکپارتی لەمانگی ئابی ئەو ساڵەدا (10) ملیۆن و (719) هەزارو (234) ئەندام بو، بەڵام دواتر ئەو ژمارانەی دادگای باڵا ئاشکرای کردن، دەریخست لە مانگی ئابی ساڵی (2018)ـەوە تائێستا ژماری ئەندامانی ئاکپارتی (902) هەزارو (206) ئەندام کەمی کردوە.

ئەم گۆڕانکاریانە لەکاتێکدایە، کە رۆژی سێشەممەی رابردو عەلی باباجان وەزیری پێشوی ئابوری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند سەرەتای ساڵی داهاتو پارتە نوێیەکەی رادەگەیەنێت، هاوکات سەرچاوەکانی نزیک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشوی تورکیا ئاشکرایان کردوە، بەمنزیکانە و لەمانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا داود ئۆغڵۆ پارتەکەی رادەگەیەنێت
به‌روار:  28/11/2019
683   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   669
کۆی سه‌ردان:   29257409