هیومان ڕایتس وۆچ: ناوچەی ئارام لە سوریا ئارامی تێدانییە
ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو ناوچانەی باكوری سوریا كە لەژێر دەستی سوپای توركیادان هیچ ئارامییەكیان تێدانییە و ڕۆژانە خەڵك دەكوژرێت و ماڵەكان تاڵان دەكرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ى تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ئاشكرایكردووە، ئەو ناوچانەی ئێستا توركیا ناویلێناون ناوچەی ئارام و دەیەوێت ئاوارە سورییەكانی بۆ بگەڕێنێتەوە، ''ئارام نین و كوشتن و دزیكردن و ڕفاندنی خەڵكی تێیاندا بەردەوامە''.

سارە لیا ویتسۆن، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو ڕیكخراوە دەڵێت، "كۆشتن و تاڵانیكردن و نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بەڵگەی ئەوەن كە ئەو ناوچانەی توركیا پێیاندەڵێت ناوچەی ئارام هیچ جۆرە ئارامییەكیان تێدا نییە."

روونیشیکردووەتەوە، ''پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی دەوڵەتی توركیا دەیكات بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا، سەربازە توركییەكان خەڵكی ئەو ناوچانە دەكوژن و تاوانی جۆراوجۆریان دەرهەق دەكەن''.

 سوپای توركیا لە ژێر ناوی دروستكردنی ناوچەی ئارام، ئۆپراسیۆنی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێكرد و بە قوڵایی  ١٢٠ كیلۆمەتر چووە خاكی رۆژئاوای کوردستانی لە سوریا داگیرکرد.
ئێن ئاڕتی 
به‌روار:  28/11/2019
481   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   864
کۆی سه‌ردان:   29262858