جێگری ترەمپ:ئەمریکا واز لە پشتیوانی کورد ناهێنێت
بەنھێنی گەیشتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسە کوردەکان کۆبۆوە
لوقمان غەفوور
مایک پینس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ھاوڕێ لەگەڵ کارین پینس- ی خێزانی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ نۆڤێمبەر، پێنج ڕۆژ پێش جەژنی خزمەتگوزاری، چەژنەکەی لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا لە عیراق کردەوە و دواتریش لەگەڵ نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبۆتەوە.
سەردانەکەی پینس بە فرۆکەی سی - ١٧ ی سەربازی بارھەڵگر بووە و بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکی ڕاستەوخۆ لە ھەولێر دابەزیوە. تا ئێستا ھیچ زانیارییەک نییە گەڕاوەتەوە ئەمریکا یان نا. دوای سەردانی کەمپی سەربازی عەین ئەسەد لە باشوری عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عادل عەبدلمەھدی ئەنجامداوە و ئامادەنەبووە بچێتە بەغداد بەھۆی دۆخی خراپی ئاسایشەوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئەمریکی کە لە سەرکردەیەکی ئەمریکی دەستیان کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دڵنیایی داوە سەرۆکی ھەرێم کە ھەر گۆڕانکارییەک لەناوچەکە ببێت بە قازانجی کوردەکانە و ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی کورد وازناھێنێت.
بەپێی میدیای ئەمریکی نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پینس- دووبارەکردۆتەوە لە ھاوکاری ئەمریکا دژی شەڕی داعش و وتوشیەتی سەردانەکەتان لەمکاتەدا سەلمێنەری ئەوەیە ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتی کورد.
بەپێی ھەواڵەکانی میدیای ئەمریکی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ھەریەک لە مارک شۆرت سەرۆکی ئەرکانی جێگر و کیس کیلۆگ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەکی پەرچاو لە پەیامنێرانی کەناڵەکانی لەگەڵ بووە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەمە دووەمین گەشتێتی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، سەردانی یەکەمی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دا بوو، لە دوای ھێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی خۆرئاوا.
بهروار: 24/11/2019
654 جار خوێندراوهتهوه
|