لیندسی گراهام لەسەر کورد چی بە ئەردۆغان وت؟
سیناتۆر لێندسی گراهام لە میانەی کۆبونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی توندی لە ئەردۆغان گرت لەسەر هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.


کەناڵی فۆکس ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەکەی نێوان ترامپ و ئەردۆغاندا، گراهام بە ئەردۆغانی وتووە،تۆ کارێکت کرد کەس بڕوای
نەدەکرد ڕووبدات، بەوەش ئەمەریکیەکانت یەک دەنگ کرد لە دژی تورکیا.


کەناڵەکە ئاشکرایکردوە، ئەردۆغان ئایپادەکەی دەرکردووەو هەوڵی داوە
گرتەیەکی ڤیدیۆیی پرۆپاگەندا پیشان سیناتۆرەکان بدات کە کوردەکان وەکو تیرۆرست نیشان بدات، بەڵام لێندسی گراهام وەڵامی داوەتەوەو گوتویەتی " دەتەوێت کوردەکانیش بهێنم ڤیدیۆیەکت نیشان بدەن کە هێزەکانی تۆش چییان کردووە؟"


لیندسی گراهام دەڵێت بە تایبەتی لەوە توڕە بووە، کە ئەردۆغان وای نیشانی داوە ئەرکی سەرەکی شەڕی داعش لە سەر شانی تورکیا بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەموو زیانەکانی شەڕی داعش لە هێزە کوردەییەکانی رۆژئاوا کەوتووە نەک تورکیا.


هاوکات سیناتۆر تێد کروزیش کە لە کۆبونەوەکە ئامادە بوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ تورکیا گرنگە بۆ هێشتنەوەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، بەڵام هێرشەکانی تورکیا دژ بە هاوپەیمانە کوردەکانمان کە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە پشتگیری کردن لە ئەمەریکا، مایەی قبوڵ کردن نییە."


ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنی چوارشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوە، ئەوەش دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

کەی ئێن ئێن
به‌روار:  15/11/2019
979   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   470
کۆی سه‌ردان:   29233140