فڕۆکەیەک لە ئەمریکاوە گەیشتە هەولێر بۆ هاوکاری پەنابەرانی ڕۆژئاوا
شارپرێس:
فڕۆکەیەکی تایبەتی رێکخراوی سەمیرتان پێرس لە ئەمریکاوە ژمارەیەک هاوکاری و کۆمەکی گەیاندە هەولێر و بڕیارە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی بەسەر ئەو پەنابەرانە دابەش بکرێت کە لە سووریاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
فڕۆکەکە پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ دووشهممه گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و کۆمەک و هاوکارییەکان رادەستی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرا.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لێدوانێکی به ئاژانسی ئهنادۆڵ-ی راگهیاند، "ئەو هاوکارییانە کاروانی یەکەم نابێت و بەردەوام دەبێت، پێداویستییەکان زستانەن وەک پێڵاو و جلوبەرگ و هەندێک پێداویستی دیکەی ناو خێوەتەکان، هەوڵ دەدەین لە کوێ پێویست بێت لەوێ هاوکارییان بکەین، بێگومان ئەولەویەت بۆ ئەوانەیە کە لە کەمپی بەردەرەش و گەویلان نیشتەجێبوون".
وتیشی، "هەوڵ دەدەین لە کاتێکی نزیکدا دابەشی بکەین، هەروەک سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ کەمپی بەردەڕەش، دووپاتیکردەوە کە وەرزی زستانە و پێویستە زیاتر ئاوڕ لە ئاوارە و پەنابەران بدرێتەوە، هەوڵیش دەدەین کە رێکخراوەکان و خەڵکی خۆمان زیاتر هاوکاری ئاوارە و پەنابەرانەکان بکەن".
شەممەی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی کەمپی بەردەڕەشی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد و لە نزیکەوە لە رەوشی پەنابەرانی کۆڵییەوە و رایگەیاند کە هەرچی لە توانای حکوومەتی هەرێمدا هەبێت بۆیان دەکەن.
بەهۆی هێرشهكانی توركیا و گروپه چهكدارهكانی سهر بهو وڵاته زیاتر له 15 ههزار ئاوارهی رۆژئاوای كوردستان هاتوونهته ههرێمی كوردستان و له كامپهكانی بەردەڕەش و گەویلان نیشتەجێن
بهروار: 11/11/2019
569 جار خوێندراوهتهوه
|