پزیشکێکی سویدی دەڵێ تورکیا جگە لە فوسفۆڕ چەکی کیمیاویشی بەکار هێناوە

پزیشکێکی سویدی کە لە نزیکەوە پشکنینی بۆ بریندارانی ڕۆژئاوا کردووە ڕایدەگەیەنێت، نیشانەکان دەری دەخەن کە سوپای تورک جگە لە فۆسفۆری سپی، چەکی کیمیاییشی بەکارهێناوە، هاوکات باس لە حاڵەتە مەترسیدارەکانی بریندارەکانیش دەکات.

دکتۆر عەباس مانسووران کە لە سەرداوای خۆی لە وڵاتی سویدەوە بۆ خزمەتی بواری تەندروستی چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی لێکۆڵینەوە و پشکنینە پزیشکیەکانی لەسەر بریندارانی ١٣ی تشرینی یەکەم لەڕۆژئاوای کوردستان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورک بریندار بوون، ئاشکرا کرد.

پزیشکە سویدیەکە ڕایدەگەیێنێت کاتی خۆی هەلی بۆ ڕەخسابوو لە جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا لە ساڵی ١٩٨٠ لێکۆڵینەوە لە برینداران و کوژراوانی ئەو شەڕە بکات و وتی: "نیشانەی چەکی کیمیایی لەسەر لەشی نەخۆشەکانی ١٣ی تشرینی یەکەم دەردەکەوێت. نیشانەکانی چەکی فۆسفۆری سپی بە ئاشکرا دیارە و جەختیشی کردەوە جگە لە فۆسفۆری سپی نیشانەکانی ماددەی (Dense Inert Metal Explosive) و چەند جۆری تری ماددەی کیمیایی دەرکەوتوون.

"نیشانەکان لە برینی چەکی ئاسایی ناچن"

دکتور مانسووران هەروەها ڕایگەیاند لە گرێ سپی و سەرێکانی و ناوچەکانی دەوروبەری بە سەدان کەس براون بۆ نەخۆشخانەکان کە چەندین کەسیان منداڵن و جەختیشی کردەوە کە زیاتر لە ٣٠ کەسی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ناوەندی شاری حەسەکە کراون و وتیشی: "برینەکانیان زۆر قورس بوون، نیشانەکانیان لە چەکی ئاسایی نەدەچوون.

پزیشکی ناوبراو جەختیشی کردەوە کە فۆسفۆری سپی لەگەڵ ئەوەی ئیسقانەکان دەسووتێنێت، لە هەمانکاتدا زیانێکی زۆر بە دڵ و جگەر و گورچیلەش دەگەیێنێت.

دکتۆری عەباس مانسووران لە بارەی بارودۆخی بریندارەکانیش وتی: "زۆربەی بریندارەکان کەسانی مەدەنین، زۆربەیان وتوویانە لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەک لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە برینداربوون، برینێکی ڕەش و قووڵ لە لەشیاندا بەجێماوە، تا ئێستاش بریندارەکان بە ئاسانی ناتوانن هەناسە وەرگرن، هەناسەیان توند دەبێت، نەخۆشەکان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستاش چاویان دەسووتێتەوە، ئەمانە هەمووی نیشانەی چەکی کیمیایین.

ئەو پزیشکە سویدیە دەشڵێت: "زۆر حاڵەتی مەترسیدار لە نەخۆشەکاندا بەدی دەکرێت کە بەکتریای وەکو (Pseudonmonas ssp E.coli) و (MRSA) دەبنە هۆی ئەو حاڵەتانە، چەندین حاڵەت هەن کە ناتوانن ببیستن، زۆر حاڵەت هەن وەک ئەوەیە کە مین تەقیبێتەوە، بەڵام هیچ پارچەیەک بە لەشیانەوە بەدی ناکرێت".

دکتۆر عەباس مەنسووران جەختی کردەوە کە سوپای تورک چەند جۆر بۆمبی کیمیایی بەکارهێناوە کە یەکێک لە نیشانەکان دەری دەخات بۆمبی کیمیایی لە جۆری (Dense inert metal explosive - DIME) بەکارهاتبێت.
ڕۆژ نیوز
به‌روار:  02/11/2019
1328   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   487
کۆی سه‌ردان:   29230203