ئیلهام ئەحمەد: "هەسەدە بە مەرج دەچێتە نێو سوپای سوریا"
(سبەی):

سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت كە هێزە كوردییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە ئامادەییدان بۆ چونەپاڵ سوپای سوریا، بەڵام بەر لە هەر شتێك خوازیارن دوبارە پێكهاتەی سوپا دابڕێژرێتەوە. 

ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بە ئاژانسی سپۆتنیكی روسی راگەیاندوە: "ئێمە ئامادەین بۆ چونە پاڵ سوپای سوریا بەڵام لەدوای دوبارە داڕشتنەوەی پێكهاتەی سوپا و ئەنجامدانی گۆڕانكاری تێیدا. ئەگەر لەگەڵ حكومەتی سوریا رێككەوتین لەبارەی بەڕێوەبردنی ناوچەكەوە ئەوكاتە بەڵی ئامادە دەبین بۆ چونەپاڵ سوپای سوریا. ئەو پرسەش شتێك نیە كە لە ماوەی سەعاتێكدا روبدات، بەڵكو بەرلە هەر شتێك پێویستی بە دانوستان هەیە لەگەڵ دیمەشق."

وتیشی: "وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا ئێمەی وەك تاوانبار لە قەڵەمداوە و داوای لێ كردوین بگەڕێینەوە، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت نەخێر بەو جۆرە ناگەڕێینەوە، بەڵكو دەبێ دابنیشین و رێكبكەوین لەبارەی چۆنێتی چونەناو ریزەكانی سوپای سوریا، نەك بەجۆرێك بگەڕێنەوە نێو سوپا وەك ئەوەی هەڵاتو بین."

پێشتر وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا داوای لە شەڕڤانانی هەسەدە كردبو كە لەپێناو روبەڕوبونەوەی داگیركاریی توركیا، بێنە نێو ریزەكانی سوپای سوریاوە.
به‌روار:  02/11/2019
497   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   613
کۆی سه‌ردان:   29254980