شەشەمین گروپی گەنجانی باشوور گەیشتنە ڕۆژئاوای کوردستان
دوێنێ  گروپی شەشەمی گەنجانی باشوری کوردستان کە لە نۆ گەنج پێکدێت لە ناوچەکانی کەرکوک، ڕاپەڕین، سلێمانی و چەمچەماڵ، بۆ بەشداری لە بەرخۆدانی شکۆمەند خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان تا لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی بەشداری ڕیزەکانی بەرخۆدان لە باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا بکەن.

ئەو گەنجانەی گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەشداری خۆیان لە بەرخۆدانی شکۆمەند ڕاگەیاندووە و بانگیان لە گەنجان کردووە، کە بەشداری ڕیزەکانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ببن.

لە پەیامی ئەو گەنجانەدا هاتووە: هەروەک ئاشکرایە لە ئێستادا هێرش و داگیرکارییەک لەسەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، بۆیەش بانگەوازی سەفەربەری کراوە لە هەموو گەنجان لە چوارپارچەی کوردستان، ئێمەش بەدەم ئەو بانگەوازییەوە هاتین و بڕیارماندا وەک گەنجانی باشوری کوردستان بۆ بەرگریکردنی لە خاکی پیرۆزی وڵاتەکەمان ڕوو لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، کە بە خوێنێ زیاتر لە ١١ هەزار شەهید ئەو دەستکەوتەمان بەدەست هێناوە، وەک گەنجانی باشوری کوردستان، بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و وەک ئەرکێکی مرۆڤی و ئەخلاقی، هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان بۆ  بەرگری لە گەل و خاکی خۆمان ئامادەین جێبەجێی بکەین، لە هیچ بارودۆخێکدا گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەجێی ناهێڵین.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: داوا لە هەموو گەنجانی چوارپارچەی کوردستان، بەتایبەتی گەنجانی باشوری کوردستان دەکەین، بە ڕۆحی سەفەربەری کۆبانێ بەشداری لە سەفەربەری ڕۆئاوادا بکەن، دڵنیاین بە ئیرادەی گەلەکەمان و شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان سەردەکەوین.

جێگەی ئاماژەیە کە پێش گەیشتنی ئەم گروپە ٥گروپی دیکە لە گەنجانی باشوری کوردستان بۆ بەشداری لە بەرخۆدانی شکۆمەند خۆیان گەیاندبووە بەرەکانی بەرخۆدان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  19/10/2019
1123   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   673
کۆی سه‌ردان:   29257516