(70) پەرلەمانتاری بەریتانیا: رێگە نادەین ئەزمونی عەفرین دوبارە ببێتەوە
(سبەی):

(70) پەرلەمانتاری بەریتانیا رۆڵی كوردی رۆژئاوا لە شەڕی دژبە داعشدا بەرز دەنرخێنن و داوا دەكەن كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بهێنرێت و جەختیش لەوە دەكەنەوە كە رێگە نادەن ئەزمونی عەفرین دوبارە ببێتەوە. 

كریس ستیڤنس پەرلەمانتاری بەریتانیا لە تویتێكدا ئەو یاداشتەی خستوەتە رو كە بە ئیمزای (70) پەرلەمانتاری بەریتانیاوە ئاڕاستەی دۆمینیك راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كراوە و تێیدا داوا كراوە كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا بهێنرێت بۆ سەر رۆژئاوا.  

لە یاداشتەكەدا هاتوە، رۆژێكی خەمناكە كە دەبینین هاوپەیمانە كوردەکانمان لەلایەن سوپای توركیاوە بە فەرمانی ئەردۆغان هێرشیان دەكرێتە سەر، پێمان وایە ئەمەریكا بڕیاری هەڵەی دا لە كشانەوەی هێزەكانی لە باكوری سوریا. 

ئەو (70) پەرلەمانتارە پێیان وایە: "كوردەكان لەسەر ئەرزی واقع رۆڵی رابەرایەتییان بینی لە شەڕی دژبە داعش و نزیكەی (11) هەزار شەهیدیان دا لە پێناو هێنانەكایەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە، كوردەكان لەشەڕی (10) ساڵەی سوریادا، نەك هەر گیانی ملیۆنان كەسیان لە توندڕەوی رزگار كرد، بەڵكو سیستمێكی حكومڕانیی دیموكراسییان لە ناوچەكەی خۆیان پێكهێنا، سیستەمێك كە پابەندبونی ئەوانی پیشاندا لە ئاست بەشداریی ژنان لەسەرجەم ئاستەكاندا. 

هەر لە پەیامەكەدا هاتوە: داگیركارییەكەی ساڵی (2018)ی توركیا بۆسەر عەفرین، پلانەكانی ئەردۆغانی بۆ ئێمە سەلماند كە بریتییە لە پاكتاوی رەگەزی و بۆردومانی چڕی ناوچە مەدەنییەكان و بەكارهێنانی هێزی بەكرێگیراو كە هەندێكیان چەكداری پێشوی داعش و گروپە توندڕەوەكانن، لەگەڵ تێكدان و لەناوبردنی هەر سیستەمێكی حكومڕانیی دیموكراسی. ئێمە رێگە نادەین جارێكی تر ئەمە روبداتەوە. 

دەشڵێن: "پێمان وایە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دوای رێككەوتنی لەگەڵ توركیا، خیانەتە و دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی ناوچەیەكی خاوەن سیستمی دیموكراسی لەبەردەم تێكدان و پاكتاوی رەگەزی لەلایەن توركیاوە و هەروەها دەبێتە هۆی دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەكە. 
به‌روار:  13/10/2019
372   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   680
کۆی سه‌ردان:   29257152