هەسەدە بۆ ئەمریکا: یان ناوچەی دژەفڕین یان ڕێکەوتن لەگەڵ ڕوسیا و ڕژێمی سوریا
لەکۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، مەزڵوم عەبدی بە جێگری نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ھاوپەیمانێتی روبەرووبوونەوەی داعشی وتووە، یان با ئەمریکا بڕیاری ناوچەی دژەفرین لە رۆژئاوای کوردستان بدات، یان رێگەیان بدەن ڕێکەوتن لەگەڵ روسیا و رژێمی سوریا بکەن.

ماڵپەری سی ئێن ئێنی ئەمریکی، کۆنوسی کۆبوونەوەکەی بەتایبەت دەستکەوتووە کە رۆژی پێنج شەممە سازکراوە، تێیدا هاتووە، مەزلوم عەبدی فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە (ولیام رۆیبەکی) وتووە کە ئێوە جێمان دەھێڵن بۆئەوەی بکوژرێین، بە بەرپرسە ئەمریکیەکەشی وتووە، دەیەوێت بزانێت کە ئایا ئەمریکا بەنیازە ھیچ بکات بۆ پاراستنی کوردی سوریا.

عەبدی سوربووە لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا یان دەبێت یارمەتیان بدات لە وەستاندنی ھێرشی تورکیا، یان دەبێت رێگەبدات بە ھەسەدە کە رێکەوتن بکات لەگەڵ رژێمی دیمەشق و پشتیوانە روسیەکەی، بەوەی رێگە بە فرۆکەکانی روسیا بدات کە ناوچەی دژەفڕین بچەسپێنن، بەسەر باکوری رۆژھەڵاتی سوریادا، بەوشێوەیەش نەھێڵن فرۆکە تورکیەکان بۆردوومانی ھێزەکانی ھەسەدە بکات. 

هاوکات مەزڵوم عەبدی بە نوێنەرەکەی ترەمپی ڕاگەیاندووە، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی "نا ئەخلاقییە".

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆسەر ئەو ناوچانە دەستپێکرد و تا ئێستاش بەپێی ئامارەکانی هەسەدە، نزیکەی ٢٠٠ کەس شەهید و برینداربوون، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

نالیا
به‌روار:  13/10/2019
328   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   476
کۆی سه‌ردان:   29261280