لە سوید هەڕەشەکانی تورکیا بۆ داگیرکاری ئیدانەکرا
لە شاری ستۆکهۆڵم ڕەوەندی کوردی بە بەشداری چەند پەرلەمانتارێک لە دژی هەڕەشە و ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکاریی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ڕەوەندی کوردی لە شاری ستۆکهۆڵم-ی پایتەختی سوید و دۆستەکانیان، لە دژی ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکاریی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ئیدانەی ئەو هەڕەشانەیان کرد.

خۆپیشاندەران پانکارتی "ئەردۆغان بووەستێنن، بمرێت فاشیزم" و "تورکیا لە ڕۆژئاوا بڕۆ دەرەوە" و ئاڵاکانی یەپەدە، یەپەگە و یەپەژەیان بەرز کردبووەوە.

دانیال ڕیازات، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، بەشداری لە چالاکیەکەدا کرد و بە ئاژانسی فوراتی ڕاگەیاند، لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی قێزەون ئەنجامدراوە، ئاشکرایە پارتی چەپ وەک جاران لەگەڵ گەلی کورد دا دەبێت.
ڕیازات وتیشی، "هێزەکانی یەپەگە/یەپەژە کە لە کۆبانێ، ڕەقا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داعشیان تێکشکاند، پێویستە لە جیهاندا بە تەنها نەهێلرێنەوە، کورد نە تەنها بۆ خۆیان، بۆ هەموو مرۆڤایەتی شەڕیان کرد، پێویستە ئێمە لەنێوان دیموکراسی و فاشیزمدا شتێکیان هەڵبژێرین، ئەردۆغان و ترەمپ وتەبێژی فاشیزمن و وهەسەدە و کوردیش نوێنەرایەتی ئازادی و دیموکراسی دەکەن".
بە شداربوویەکی دیکەی خۆپیشاندانەکە شانۆگەر سەرپیل ئینانچی تەمەن ٧٢ ساڵ بوو ڕایگەیاند، لە کاتێکدا دەولەتی تورکی فاشیست ئامادەکاری هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا دەکات، مافی هیچ کەسێک نییە لە ماڵەوە دانیشێت.
یاشار کوچوکئاسلان، نوێنەری پارتی ئازادی میزۆپۆتامیاش ئەوەی خستەڕوو، "گەلی ئاشوری-سوریانی هێرشی دژی ڕۆژئاوا وەک هێرشی دژی خۆیان دەبینن، گەلەکەمان تا کۆتایی بەیەکەوە لەدژی هێرشە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک و هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ درێژکردنی تەمەنی داعش تێدەکۆشێت".

ڕۆژنیوز
به‌روار:  09/10/2019
334   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   156
کۆی سه‌ردان:   29259301