(ئەو رۆژەی هەموو ئەمەریکا لەسەر کورد هاتە دەنگ)


ئێستا کاژێر 2:30 خولەکی بەیانی رۆژی سێشەممەیە بەکاتی نیویۆرک کە ئەم بابەتە دەنووسم. لە دوێنێ شەوەوە من نەخەوتووم و ئاگاداری زۆربەی کاردانەوەکانم لە ئەمریکا. دوێنێ شەو لە پڕا کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەک بڕیاری پشتگیری پلانی ناوچەی "ئارامی" بڵاوکردەوە. بۆ بەیانییەکەی دۆناڵد ترەمپ تووشی گەردەلوولێکی رەخنە و فشار هاتەوە. لە نەیارانییەوە بۆ نزیکترین هاوپەیمانەکانی لە کۆنگرێس، میدیا و کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا.

"نابێت خیانەت لە کورد بکەین" بووەتە درووشمی نەک تەنها سیاسییەکانی واشنتن لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، بەڵکو کەسایەتییە بەنێوبانگەکانی ئەمریکا لە میدیا و هۆڵیوود و تەنانەت بەرنامە کۆمیدییەکانیش.

"شێر" کە هونەرمەندێکی بەناوبانگی ئەمریکایە پێش چەند کاژێرێک لە تویتێکدا ترەمپی بە "گەندەڵ" ناوبرد. "ترەمپ دەزانێت کە تورکیا کۆمەڵکوژی لە دژی کورد ئەنجام دەدات. ترەمپ هەر دەیەوێت هاوپەیمانە کوردەکانمان بداتە دەستی ئەردۆغان" ئەو هونەرمەندە کە بە دەگمەن باسی سیاسەت دەکات تویتی کرد.

ستیڤن کۆلبێر کە بەرنامە کۆمیدییەکەی شەوانە زۆرترین بینەری هەیە لە ئەمریکا، سوزان رایس-ی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی ئەمریکای بانگهێشتکردبوو و پێکەوە وەسفی کوردیان دەکرد و رەخنەیان دەگرت لە بڕیارەکەی ترەمپ.

ئەمشەو لە پڕبینەرترین کەناڵە تەلەڤزیۆنەکانی ئەمریکا کورد بابەتی سەرەکییان بوو. نەک تەنها سی ئێن ئێن و ئەو کەناڵانەی کە دەنگی ئۆپۆزیسیۆنن لە دژی ترەمپ، بەڵکو کەناڵی فۆکس نیوزیش رەخنەگربوو لە بڕیارەکەی ترەمپ. فۆکس نیوز پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵی ئەمریکایە و گەورەترین دەنگی پشتگیری دۆناڵد ترەمپە. ئەو فۆکس نیوزەی کە زۆربەی بێژەر و رۆژنامەنووسەکانی بە ئاشکرا پشتگیری لە هەموو بڕیارەکانی ترەمپ دەکەن، ئەمڕۆ رەخنەگربوون لە بڕیارەکەی ترەمپ. ئەو ئەمریکایەی کە بەرەی پشتگیر و رەخنەگری ترەمپ لەسەر هەموو بابەتێک ناکۆکن، لەسەر کورد یەک دەنگ بوون.

ئەوەی لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا روودەدات لە ئەمریکا وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ دۆزی کورد. جاران تەنها دیپلۆماتکار و چەند سیاسییەکی واشنتن دەیانزانی کورد کێیە، بەڵام ئێستا نەک هەر رای گشتی ئەمریکی کورد دەناسێت بەڵکو لە ریزی ئیسرائیل کورد بە "باشترین هاوپەیمانی ئەمریکا" ناو دەبرێت.

من لێرە گەشبینیتان پێ نافرۆشم. ترەمپ بڕیاری خۆی داوە و تورکیا موکڕ دیارە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەی. بەڵام ویستم ئەم وێنەیەتان بۆ بگوازمەوە. ئەم شەپۆلی پشتگیریە بۆ کوردە نەک تەنها لایەنێک. کەس لێرە نازانێت یەپەگە، یەکێتی، پارتی و ئەنەکەسە... هتد چییە. زۆربەیان نازانن کانتۆن لە کوێ دەستپێدەکات و هەرێمی کوردستان لە کوێیە. رای گشتی و سیاسییەکانی ئەمریکا و سەرکردە و خەڵکی وڵاتانی دیکەی جیهان بە هەموومان دەڵێن "کورد". هەواڵەکانی زۆربەی رۆژنامە و دەزگا میدیاییەکانی ئەمریکا دەڵێن "تورکیا هێرش دەکاتە سەر کورد".

بێگومان هێرشی تورکیا و دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان ئەگەرێکی زۆری هەیە کە کێشەی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکات. بەڵام ئەم بابەتەم دەربارەی هەڕەشەکان نییە، بەڵکو دەربارەی ئەم دەرفەتە گەورەیەیە کە ئێستا بۆ کورد دروستبووە. بۆ یەکەمینجار لە مێژووی مۆدێرندا، ئەم نەتەوە مەزڵومە لە دڵ و مێشکی بەشێکی رای گشتی ئەمریکی و جیهانی جێی خۆی کردووەتەوە. ئەوانەش گاڵتەیان بە گرنگی هاوسۆزی رای گشتی ئەمریکا و رۆژئاوایی دێت.

من ساڵی 1991، 2014 و مانگی 12ـی 2018ـەیان بیردەهێنەمەوە. کۆڕەوە ملیۆنییەکەی دوای راپەڕین و هاوسۆزی رای گشتی فەرەنسی و ئەمریکی بووە هۆی دامەزراندنی هێڵی 36. وێنەکانی رووداو لەسەر چیای شنگال بیانۆی سەرەکی ئۆباما بوو لە پەشیمان بوونەوە لە بڕیاری نەگەڕانەوە بۆ عێراق و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی پێشئەوەی داعش بگاتە هەولێر. شەپۆلی رەخنەی رای گشتی و نوخبەی سیاسی ئەمریکی بوو کە ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپی پەشیمانکردەوە لە بڕیاری کشانەوەی تەواو لە سووریا.

مەرج نییە رای گشتی هەمووجارێک کاریگەر بێت یاخود سەرکردەکان لێی تێبگەن. ئەوە دۆناڵد ترەمپ پێیوایە کشانەوە لە سووریا دەنگی زیاتری بۆ کۆدەکاتەوە. بەڵام ئەم جۆرە هاوسۆزییە شتێکی نوێیە و پێویستە -بەتایبەتی- بڕیاربەدەستانی کورد لێی ئاگاداربن و کاری لەسەر بکەن.
ئیدی کلیلی پشتگیری نێودەوڵەتی تەنها لای سیاسییەکانی واشنتن و پایتەختەکان نییە، بەڵکو لە هزر و دڵی بەشێک لە رای گشتی ئەمریکی و رۆژئاواییە کە کورد بە رزگارکەر دەبینێت لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆر.
مەجید نیزامەدین گلی
به‌روار:  09/10/2019
346   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   379
کۆی سه‌ردان:   29248921