مۆگابی لە باوکی ووڵاتەوە بۆ دیکتاتۆری گەلەکەی🇿🇼

یەک لە سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی ئەفریقا کۆچی دوایی کرد، ئەو وەک پێشەنگێکی تێکۆشانی ئازادیی زیمبابۆی دژی داگیرکاریی بەریتانیا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر کورسی دەسەڵات مەستی کرد و بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ وەک دیکتاتۆرێک لە دەسەڵات مایەوە.

رۆبێرت موگابی سەرۆکی پێشوی زیمبابۆی، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو لە ساڵی ٢٠١٧ بە کودەتایەکی سەربازیی لە دەسەڵات دوورخرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی نزیکەی ٤٠ ساڵی سیاسەتی ئەو وڵاتەی قۆرخکردبوو.

موگابی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشی ڕزگاری لە دژی داگیرکاری بەریتانیا، کە لە ساڵی ١٩٨٠ سەربەخۆیان وەرگرت، هەر ئەو ساڵە موگابی بووە سەرۆک وەزیرانی زیمبابۆی و تا ساڵی ١٩٨٧ وەک سەرۆک وەزیران مایەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٧وە بووە سەرۆکی وڵات و تا ساڵی ٢٠١٧ مایەوە، کە بە کودەتایەکی سەربازیی لابرا و هەر ئەو ساڵە ناچاری دەستلەکارکێشانەوە کرا.

موگابی ئەگەرچی دیکتاتۆر بوو، بەڵام کۆچی دوایی، ئەو وڵاتەی دڵتەنگ کرد، سەرۆکی ئێستای زیمبابۆی بە غەمگینییەوە بڵاوی کردەوە، کە هەواڵی کۆچی دوایی باوکی دامەزراندنی زیمبابۆی ڕادەگەیەنێت.

موگابی ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ سیاسەتی وڵاتی کۆنترۆڵ کردبوو، کاریزمایەک بوو جێگەی مشتومڕ بوو، لایەنگرەکانی ئەویان بە پاڵەوان ناودەبرد، کە پێشەنگایەتی ئازادکردنی وڵاتی کردوە لە داگیرکاریی بەریتانیا، بەڵام دژبەرەکانی ئەویان بەوە تۆمەتبار دەکرد، کە بەرپرسیارە لە خراپ بەڕێوەبەردنی ئابوری و گەندەڵیی و تاوان لە دژی مافەکانی مرۆڤ.

جگە لەوانەش ئەو یەکێک بوو لە بەشداربوانی کەمپینیێک دژی بەرهەڵستکارەکانی لە ساڵی ١٩٨٣، کە تێیدا نزیکەی ٢٠ هەزار بەرهەڵستکار لەلایەن سوپای نیشتیمانی زیمبابۆیەوە کوژران.

 هەروەها لەناو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی موگابی دەکران، ئەوەش هەبوو کە هەموو مانگێکی شوبات لە جەژنی لەدایکبوونی خۆیدا، داهاتێکی زۆری سەرفکردوە، بۆ نمونە تەنیا لەیەک ئاهەنگدا ٥٠٠ هەزار دۆلاری سەرفکردوە و فیل و گامێش و ئاژەڵی کێوی سەربڕیوە.

دانیشتوانی زیمبابۆی زیاتر لە ١٦ ملیۆن کەسە و ئەو وڵاتە دەکەوێتە باشوری ئەفریقاوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی موگابی، هەریەک لە ئەفریقای باشور و کینیا و چین نامەی سەرەخۆشیان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کرد و موگابیان بە جەنگاوەری ئازادیی ناوبرد. بەڵام نوسینگەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سەرەڕای سەرەخۆشیی لەو کەسانەی کە بۆ موگابی لە پرسەدان، ڕایگەیاندوە، ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی زۆر ئازاری کێشا بەدەست حکومی تاکڕەوانەی موگابییەوە.

نالیا

به‌روار:  07/09/2019
434   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   590
کۆی سه‌ردان:   29250366