قانونی سێدارە و مۆسیقا 😛😎😛


دەڵێن کاتی خۆی؛ ئاغایەکی پشدەر دەچێت بۆ بەغداد. لەوێ دەچێتە دادگایەك دادەنیشێت و تەماشای بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنێك دەکات، دادوەر دۆسییەکە دەخوێنێتەوە و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تاوانبارەکە دەردەکات. 
ئاغاش لەکەسێکی نزیك کە عەرەبیی دەزانێت؛ دەپرسێت؛ ئەوەچی بوو، گوتی چی؟ ئەویش دەڵێت گوتی بیکوژن، لەسێدارەی بدەن. ئاغا دەپرسێت، ئەم حاکمە بەپشتی کێ خەڵك دەکوژێت، ئەویش دەڵێت:"بە قانوون". 
ئاغا بێدەنگ دەبێت. دوای گەڕان و پیاسەی بەغداد، ئێوارە دەیبەن بۆ یانەیەکی شەوانە، ژنێکی سەماکەری جوان بەدەم مۆسیقاوە سەما دەکات. ئاغاش یەکێك لەئامێرەکانی مۆسیقا سەرنجی رادەکێشێت، لەیاوەرەکەی دەپرسێت: ئەو ئامێرە مۆسیقایە چییە؟ کابراش دەڵێت:"قوربان ئەوە (قانوون)ە!
ئاغاش دەڵێت: (ئای لە دایکی قانوون بەم ، بەڕۆژ خەڵکی پێ دەکوژن، بەشەو قەحبەی پێهەڵدەپەڕێنن.)
.
.
پشتیوان غەفووری
به‌روار:  18/08/2019
535   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   402
کۆی سه‌ردان:   29231937