ئەو کۆچبەرە ئێراقیەی لە ئەمریکا دیپۆرت کرایەوە گیانى لەدەستدا
جیمى داود ئەو گەنجە عێراقییەیە کە ئەمریکا دیپۆرتی عێراقی کردەوە، لە شەقامێکی عێراقدا گیانى لەدەستدا.


ماڵپەرى بى بى سى بڵاویکردووە، ئەدوارد باجوکا پارێزەرى ئەو گەنجە عێراقییە بۆ ماڵپەرى بى بى سى ڕایگەیاند، جیمى داود بەهۆى ئەوەى نەخۆشى شەکرەى هەبووە و دەرمانى ئەنسۆلینى بەدەستنەگەیشتووە لە یەکێک لە شەقامەکانى عێراقدا گیانى لەدەستداوە.

ڕاشیگەیاند، داود خەڵکى عێراقە بەڵام لە وڵاتى یۆنان لە دایکبووە و هەر لە منداڵییەوە چووەتە شارى دیترۆید لە ئەمریکا ولە ژیانیدا نەگەڕاوەتەوە عێراق وتەنها ئەوجارە نەبێت کە لە حوزەیرانى ڕابردوودا بەزۆر لە ئەمریکاوە نێردراوەتەوە بۆ عێراق، بۆیە زمانى عەرەبى نەزانییوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، داود تۆمەتبارکرابوو بە خووڕەوشتى ناشرین و بەپێى وتەى بەڕێوەبەرى کۆچ وگومرگى ئەمریکا لە دوو دەیەى ڕابردوودا ٢٠ تۆمەت ئاڕاستەى کراوە کە یەکێک لە تۆمەتەکان هەڕەشەکردن بووە بە چەک لە خێزانەکان و هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان.

پارێزەرەکەى ئاماژەى بەوەشکردووە، کارگێڕى کۆچ و گومرگى ئەمریکا داودیان رووبەڕووى خراپترین دۆخى ژیان کردبووەوە و ئەوەش کۆتاییەکەى کە هۆکاربووە بۆ مردنى.

هاوکات رێکخراوى هیومان وۆچ لەبارەى داودەوە ڕایگەیاندووە، ئەوە دەرئەنجامێکى پێشبینیکراوبووە بەهۆى سیاسەتى هەڵەى ئەمریکا لەبارەى پەنابەرانەوە.

پارێزەرەکە چۆنێتى ناردنەوەى داود ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لەو کاتەدا داود نەخۆشى شەکرەى هەبووە و بەبێ دەرمانى ئەنسۆلین گرتویانە بێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەختەى خۆى و خانەوادەکەى بۆ چەند هەفتەیەک بەندیان کردووە و دواتر بە فرۆکە ناردویانەتەوە.

بەپێى چەند گرتەڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە ودەردەکەوێت داود زۆر پەرێشان و نیگەرانە کە دەرمانى ئەنسۆلینى لێبڕاوە و لەسەر شەقامەکان دەمێنێتەوە.

لە تەموزى ساڵى ٢٠١٧ ئیدارەى ترەمپ دەستیکرد بە ناردنەوەى زیاتر لە هەزار پەنابەرى عێراقى کە ناویان لە تۆمارى تاوانەکاندابووە، ئەوەش پێش ڕێکەوتنى لەگەڵ عێراق کە یەکێک لە مەرجەکانى ڕێکەوتنەکە ناردنەوەى پەنابەرانى عێراقە بە زۆرە لە بەرانبەر هەڵگرتنى سزاى سەر عێراق لە گەشتکردنی هاوڵاتیەکانى بۆ ئەمریکا.

ماڵپەرى بى بى سى باسى لەوەشکردووە، خانەوادەى داود کە ئێستا لە شارى دیترۆیدى ئەمریکا دەژین لە هەوڵى ئەوەدان سکاڵای یاسایى تۆماربکەن.

ب.ب
نالیا
به‌روار:  10/08/2019
465   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   914
کۆی سه‌ردان:   29255716