حكومەتی هەرێم لەگەڵ كانتۆنەكانی رۆژئاوا مامەڵە ناكات

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، پێكهێنانی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان بەبڕیاری تاكلایەنە ناودەبات و راشیدەگەیەنێت حكومەتی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا ناكات.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لەبارەی پێكهێنانی كانتۆنە خۆبەڕێوبەرەكانی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند: لەسوریا دەستەی باڵا هەیە نوێنەرایەتی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت و وەكو چەترێكیش وایە بۆ هەموو لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا، دروستبوونی ئەو كانتۆنانەش لەدەرەوەی بڕیاری ئەو دەستەیە بووە و بڕیارێكی تاكلایەنەیە و تەواوی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا لەسەری پێكنەهاتوون.

راشیگەیاند: بۆیە ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهیچ جۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ ناكەین.

فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەشكرد كە دەبێت بڕیارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن دەستەی باڵاوە دەربچێت بۆئەوەی حكومەتی هەرێم بتوانێت پشتگیری لێبكات و مامەڵەی لەگەڵدا بكات.

لە ماوەی رابردوودا لە چوارچێوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی كانتۆنەكانی جزیرە، كوبانێ و عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان راگەیەنران و چەندین حزب و لایەنی هەرێمی كوردستانیش، لەوانە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پشتگیری خۆیان بۆ ئەو كانتۆنانە دەربڕیوە.


سەرچاوە: ئێس ئێن ئێن
نەوا
به‌روار:  10/02/2014
496   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   438
کۆی سه‌ردان:   29233243