تورکیا هەڕەشە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات
وەزیرى دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەگەرى دروستنەکردنى ناوچەى ئارام لە سوریا ئۆپەراسیۆنى سەربازى بۆ سەر ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى فوڕات دەستپێدەکەن و، ئەمریکاش دەڵێت پابەندن بە پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانە کوردەکانیان.

مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەى بەوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ شاندێکى ئەمریکى و جیمس جێفرى نێردەى تایبەتى ئەمریکا لە سوریا، کە ئێستا لە ئەنقەرەن، کۆدەبێتەوە و، هەڵوێستى وڵاتەکەشى لەبارەى باکورى سوریا پێ ڕادەگەیەنێت.

لاى خۆشیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەى وڵاتەکەی پابەندە بە چارەسەرکردنى مەترسیی سنورەکانى تورکیا، بەڵام پارێزگارى لە هاوپەیمانە کوردەکانیشیان دەکەن، کە شانبەشانى هێزەکانیان لە سوریا دژى داعش جەنگاون.

ئەم لێدوانانەى ئەنقەرە و واشنتۆن لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا سوپاى تورکیا هێزى زیاترى ڕەوانەى سەر سنورەکانى ڕۆژئاواى کوردستان کرد و فەرماندەى هێزەکانى هەسەدەش ڕایگەیاند، لە ئەگەرى هێرشى ئەو وڵاتە بۆ سەر هێزەکانیان، ئەوا بە درێژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ هێزەکانى تورکیا شەڕ دەستپێدەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تورکیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریاوە داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرد، ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی ٤٦٠ کیلۆمەتر و قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لەسەر سنورەکانی لەگەڵ سوریا، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە، دروستبکات؛ بەڵام لەسەر ئەو پرسە واشنتن وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بە ئەنقەرە نەدایەوە.
نالیا
به‌روار:  22/07/2019
928   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   410
کۆی سه‌ردان:   29233426