نادیە نەهامەتی ئێزدییەكان دەگەیەنێتە ترەمپ
نادیە موراد چیرۆكی داگیركردنی شەنگال و رفاندنی ژنان و كچانی ئێزدی و كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی بۆ دۆناڵد ترەمپ گێڕایەوەو داوایكرد كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەبارەی شەنگالەوە چارەسەر بكرێت تا ئێزدییەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژیانیان پارێزراوبێت. 

نادیە موراد كچە ئێزدی ئرزگاربوو لەدەست تیرۆرستانی داعش و باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوەیەكگرتوەكان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لەساڵی 2018، لەچوارچێوەی كۆنگرەی وزاری دووەم بۆ ئازادی ئاینی كە لەواشنتۆن بەڕێوەچوو قسەی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد.

لەسەرەتای قسەكانیدا وتی: من عیراقیم، داعش لەساڵی 2014 پەلاماریداین، رەحمی بەهیچ كەسێكمان نەكرد، دایك و شەش برامی كوشت، من لەگەڵ 11 ئەندامی خێزانەكەم رفاند كە سەرجەمیان خوشك و خوشكەزاو برازاو بوكەكەشمانی تیچدا بوو، تا ئەمڕۆ سێ هەزار ژن و منداڵی ئێزدی لەلای داعشە، سێ ساڵ بەر لە ئێستا بوكەكەمان پەیوەندی پێوەكردین و وتی لەسوریاین، بەڵام ئێستا هیچ شتێك لەسەر ئەوان نازانین. 

وتیشی: ئێمە ملیۆنێك نین، تەنیا نیو ملیۆن كەسین، نزیكەی 95%یان بۆ ئەڵمانیا كۆچیان كردو رێگەیەكی مەترسیداریان بڕی، ئێمە نەمانویست ببینە پەنابەر، بەڵام شوێنێكی سەلامەتمان دەستناكەوێت،

داواشیكرد هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند ناكۆكییەكانیان لەبارەی شەنگالەوە كۆتایی پێبهێنن تا ئێزدییەكان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لەشەنگال بژین، وتیشی: پێویستە ئەو كێشە ئیدارییە ناوخۆییەی شەنگال چارەسە بكرێت.

 نادیە موراد لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ترەمپ ئەوەشی وت: تائێستا 80 هەزار هاووڵاتی ئێزدی گەڕاونەتەوە شەنگال، بەڵام ململانێ ناوخۆییەكان رێگری و ئاستەنگی لەبەردەم گەڕانەوەو ئاوەدانكردنەوەی شەنگال دروستكردوە.

 هەروەها ئەوەشی بەسەرۆكی ئەمریكا وت: پێویستە ناكۆكی نێوان بەغداو هەولێر لەبارەی شەنگالەوە كۆتایی پێبهێنرێت، چونكە ئێزیدییەكان قوربانی ئەو ململانێیەن. دەشڵێت: پێویستە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لەبەغداو هەولێر بكەن بەشداری پێكهاتە ئاینییەكان لەناو هێزە ئەمنییەكان باشتر بكەن و ئەو هەوڵانەش بۆ پێكهاتە ئاینییەكان دەبێتە هۆكارێك بۆ رێگری لەهەر هەوڵێك كە لەداهاتوودا بۆ كۆممەڵگوژی بدرێت.

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ بەنادیەی وت: باش شارەزای ئەو ناوچەیەم كە تۆباسی دەكەی،  زۆر چاكە بەوردی سەیری ئەم بابەتە دەكەین.

وتیشی:  نۆبڵت وەرگرتووە، ئەمە شتێكی نایابە، بەڵام بۆچی خەڵاتی نۆبڵیان بەتۆ بەخشیوە، دەتوانی بۆمانی رونبكەیتەوە.

نادیە مورادیش لەوەڵامدا وتی: دوای هەموو ئەو شتانەی بەسەرماندا هات كۆڵمنەدا، دەمەوێ هەموو لایەك بەڕونی بزانن داعش دەستدرێژی كردە سەر هەزاران ژنی ئێزدی، ئەمە یەكەمجارە ژنێك لە عیراق بچێتە دەرەوەو باس لەوە بكات كە بەسەریدا هات. 

PUKmedia ئاژانسەكان 
به‌روار:  18/07/2019
488   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   536
کۆی سه‌ردان:   29237726