ڤۆڵڤۆ ٤٤٠٠ کارمەند دەردەکات
چوار هەزار و چوار سەد کارمەندیکۆشیرکەتی ڤۆلڤۆ ئا.بێ لە کار دەردەکرێن. ئەمە لە بەیانێکی چاپەمەنیدا کە ئەم کۆشیرکەتە ئەمڕۆ بڵاوی کردۆتەوە، باس کراوە. ڕێژەکە ٤ لەسەدی سەرجەمی کارمەندانی ئەم کۆشیرکەتەیە و ئەو ٢٠٠٠ کەسەش دەگرێتە خۆی کە پێشتر راگەیەنرابوون کە لە کار داوێژرێن. زوربەی ئەو کەسانە کارمەندی نووسینگە و راوێژکارن.
ئولوف پەرشۆن بەڕێوەبەری گشتیی کۆشیرکەتی ڤۆلڤۆ دەڵێ هەوڵێکی زۆر دەدەم کە بەستەیەکی ئابووری بۆ بەجێهێشتنی دڵخوازانە پێشکەش بەو کارمەندانە بکەم. دواتر ئەگەر پێویست بوو ئەوا دەگەینە بەشی دەرکردنیش. بەڵام دەمەوێ تا دەتوانرێ خۆ لەوە بپارێزین.
ئۆلۆف پەرشۆن لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆشیرکەتەکەیدا باسی ئەوەی کردبوو کە ئەمە ئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕەیە کە کۆشیرکەتەکە خەریکێتی. بە ڕێکخستنێکی نوێ و شێوەکاری نوێوە ئێمە دەتوانین ئیمکاناتی کۆشیرکەتەکە بە شێوەیەکی گەلێ کاراتر لە بواری خەرجەکاندا بەکاربێنین.
ڤۆڵڤۆ لە چوارەم وەرزی ساڵی پاردا نزیکەی ٢٣٧ میلیۆن کرۆنی بەر لە باج سوود کردبوو. بڕی ئەم سوودە لە هەمان وەرزی ساڵی پێشتری ٧٠٦ میلیۆن کرۆن بوو.
ئۆلۆف پەرشۆن دەڵێ بەمحاڵەوە ئێمە دەتوانین گەلێ خاڵی ڕوونیش لەم ناوەدا بەدی بکەین. ئەگەر سەیری چالاکیی کامیۆنسازی بکەین ئەوا ئێمە لە بواری فرۆشدا گەلێ لە ئاستێکی بەرزداین. ئامانجمان ئەوەیە بگەینە ئاستی سوودبەخشیی ساڵی ٢٠١١مان. ئێمە سەرەڕای ئەوەش زۆر کار ماوە بیانکەین تا بگەینە ئەو ئاستە سوودبەخشییەی ئاواتی دەخوازین.
سێ مانگ لەوەپێش بوو کە کۆشیرکەتی ڤۆڵڤۆ ڕایگەیاند ٢٠٠٠ کەس لە کارمەندانی لە کار لادەبا کە زۆرتر لە فەرمانگە و نووسینگەکاندا کار دەکەن. ئەمڕۆش ئەم کۆشیرکەتە ڕایگەیاند کە ٢٤٠٠ کەسی تریش دەبێ ئەم شیرکەتە بەجێ بێڵن. هەڵبەت هێشتا دیار نییە کە ئەم کارانە لە کام وڵاتی دنیادا لادەچن بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە سویدیش یەکێ لەو وڵاتانە دەبێ کە ڕێژەیەکی زۆر لە کارمەندانی لە کار لادەبرێن، چون کارەکان نامێنن. ئەوانەش زیاتر کارمەندانی بەشی ئیداری و نووسینگەن و لە هەر دوو بەشی کارمەندی دامەزراوی خودی کۆشیرکەتەکە و راوێژکارانی ڤۆڵڤۆن کە بەشێوەی تەواووەخت کار بۆ ڤۆڵڤۆ دەکەن.
ڕۆژنامەوان و شیکاری دەنگوباسی ئابووریی ڕادیۆی نێونەتەوەیی سوید، کلاس ئارنەسۆن دەڵێ لەسەر کاردانەوەی سەندیکا و یەکێتیی کڕێکاران و کارمەندان لەمبارەوە دەڵێ جارێ پێشوو کە ئەم هەواڵە بڵاوبۆوە سەندیکا بە توندی کاردانەوەی لە خۆی نیشاندا. دیارە کاتێ دووجار بەدوای یەکدا و لە ماوەیەکی کورتدا دەنگوباسی وەها دێن، بۆ کارمەندان شتێکی ناخۆشە. ڤۆڵڤۆ ئێستا لە بەرنامەیەکی چڕی پاشەکەوتکردندایە و ئەم هەلومەرجە ئێستا ئەوەندەی تریش تووشبۆتەوە.
لە گوێن کلاس ئارنەسۆن ئەم کارمەنددەرکردنە باس لەوە دەکا کە ڤۆڵڤۆ شیرکەتێکی وا نییە کە گەشەی بەهێزی هەبێ. لە وەها کاتێکدا سەرۆکان دێن و خەرج و دەرچووکانیان دادەشکێنن تا بەڵکوو بتوانن سوودبەخشییەکەی بپارێزن. ڕاستی ئەوەیە کە بەشی کامیۆنسازیی ڤۆڵڤۆ لەم قەیرانە داراییە خەسارێکی زۆری کرد. لە هەموو قەیرانێکی قورسیشدا وەهایە و بەشی گواستنەوە ـ ترانسپۆرت ـ زەبری قورسی ویدەکەوێ. ڤۆلڤۆش بۆیە هەوڵی کەمکردنەوەی دەرچووەکانی دەدات.
بە بۆچوونی کلاس ئارنەسۆن کۆشیرکەتی ڤۆڵڤۆ خۆ لەم حاڵەتەی ئێستای دەرباز دەکا بەڵام بۆ کارمەندانی ناخۆشە کە دەبێ هەروا لە نیگەرانیدا بن. ڤۆڵڤۆ لەگوێن ئامارە باسکراوەکان لەباری ڕادەی فرۆشەوە کەمێ زیادی کردووە و گەشەی هەبووە، سفارشی کڕینیشی کەمێ زۆرتر بووە. ئەوانە خاڵی گەشن بۆ ڤۆڵڤۆ بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەرچووی شیرکەتەکەش زیاتر بووە و ئەمە وا لە بەڕێوەبەری گشتیی ڤۆلڤۆ دەکا کە بیر لەم سیاسەتە بکاتەوە.
ئەوەی ئایا لە ساڵی ٢٠١٤ دا دیسان ڕێژەی کارمەندانی کۆشیرکەتی ڤۆڵڤۆ کەم دەبنەوە یان نا، لەو ڕاپۆرتەدا دەردەکەوێ کە ڤۆڵڤۆ لە وەرزی داهاتوودا پێشکەشی دەکات. سەهمی ڤۆڵڤۆ لەم ساڵانەی دواییدا لە بازاڕی بۆرس نزیکەی دە لە سەد داکەوتبوو هەرچەند بۆرس بە گشتی ٢٣ لەسەد بەرزبۆوە و ئەمەش گوشارێکی زۆری خستبووە سەر ڤۆڵڤۆ. پاش ئەوەی ئەمڕۆ ئەم هەواڵە ڕاگەیەنرا پشکی ڤۆڵڤۆ لە بازاڕی بۆرسدا بۆ نزیکەی پێنج لەسەد بەرزبۆوە.
ئەوەی بەپێی ئەم کەمکردنەوەی ڕێژەی کارمەندانە، چەند کەسی سویدی کاری خۆیان لەدەست دەدەن هێشتا ڕوون نییە. هەر ئێستا بەڕێوەبەری ڤٶڵڤۆ خەریکی دانوستاندنە لەگەل سەندیکا و زۆر ناخایەنێ کە ڕوون دەبێتەوە چ بەسەر کارمەندە سویدییەکان دێ.
زایەڵە
به‌روار:  07/02/2014
1558   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   231
کۆی سه‌ردان:   29231587