ئەڵمانیا دوو کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی دادەخات
لەبەدواداچونێکی پارتی چەپەکانی ئەڵمانیاو لەبەردەم ئەنجومەنی فیدرالیدا حکومەتی ئەڵمانی پاساوی داخستنی دوو دامەزراوەی ڕۆشنبیری کوردی بەوە دەهێنێتەوە کەپشتگیری لەپارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن کە ئەمەش مایەی سەرسوڕمانە.!

پۆلیسی ئەڵمانیا  ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 2019 دوای ئەوەی کە لەهەردوو دامەزراوەی کلتوری "میزوپۆتامیاو میر مۆزیک" دەستیگرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر کتێبی کوردی و کتێبی منداڵان وکتێبی مێژویی و دەیان بەڵگەو دیکۆمێنتی  هەردوو رێکخراوەکەدا هەردوو دامەزراوە کوردیەکەی داخست.!بڕیاری داخستنی ئەم دامەزراوە کوردیانە کە پێشترلەلایەن وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا "هۆرست زیهۆفەر'ەوە لەشوباتی ڕابردودا دەرچووە پرسیارو بەدواداچونی پارتی چەپەکانی ئەلمانیای بەدوای خۆیدا هێناو لەم بارەیەوە وتەبێژی ڕوناکبیری پارتی چەپەکانی ئەڵمانیا "سیمۆن بارینتۆس".

سەبارەت بەقەدەغەکردنی ئەو دوو دامەزراوە کوردیە پرسیارگەلێکی ڕووبەڕووی حکومەتی ئەڵمانیا کردەوەو سەرەنجام حکومەتی ئەڵمانیا بەپاساوی هاوکاری و پشتگیری پارتی کرێکارانی کوردستان کەلە ئەلمانیا قەدەغەیان لەسەرە  لەبەردەم ئەنجومەنی فیدرالیدا وەلامی پارتی چەپی ئەلمانی دایەوە.

میزۆپۆتامیا یەکێکە لەرێکخراوە چالاکەکانی سێبەری پەکەکە لەسەر ئاستی ئەوروپا بەتایبەتی ئەڵمانیاو ڕۆڵ و کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر چالاکیەکانی ڕەوەندی کوردی هەیەو خاوەنی دەیان بارەگاو سەدان بڵاوکراوەو چالاکی جۆربەجۆرن و بەچالاکیەکانیان لە بواری چاندو هونەری کوردی و رسواکردنی سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر بە کورد ناسراون وساڵانە چەندین ڤێستیڤاڵی گەورە لەسەر ئاستی ئەوروپاو ئەڵمانیا بەڕێوە دەبەن.

ئەمە لەکاتیکدا حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەڵمانیاو ژمارەیەک لەدەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بەوبڕیارە ڕازی نەبوون.کەلەدژی میزۆپۆتامیاو میر مۆزیک دەرکرابوو..ئەمەش وایکرد پارتی چەپەکانی ئەڵمانیا ئەو بابەتە بباتە ناو ئەنجومەنی فیدرالیەوە.. وەلامەکەی  حکومەتی ئەڵمانی کەخۆی لە 6 لاپەڕەدا دەبینێتەوە بۆ پارتی چەپەکان و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیتر مایەی سەرسوڕمان و گاڵتەجاڕیە..ئەمە جگەلە وەی کەوەلامی هەندێک پرسیاری تیانەدراوەتەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەکتێبی کوردیەوە هەیە ئەوە نەبێ کەدەلێن ئەم دوو دامەزراوەیە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی دامەزراوە..

لەوەلامەکەی حکومەتی ئەڵمانیدا ئەوەش هاتووە کە ئەڵمانیا حکومەتی تورکی لەقەدەغەکردنی ئەو دوو ڕێکخراوە ئاگادار نەکردۆتەوە ئەمە لەکاتێکدا کەئەردۆگان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام فشاری کردوەو داوای لەحکومەتی ئەڵمانی کردوە قەدەغە بخاتە سەر ئەو ڕێکخراوانە.!لەم بارەیەوە پەرلەمانتاری چەپەکان سیمۆن بارینتۆس لەوەلامی ئەو بڕیارەدا بەئاژانسی هەواڵی فورات نیوزی وت..ئەم وەلامەی حکومەتی ئەڵمانی ئەوە دەگەیەنێت ئاگایان لەدیوە ڕاستەقینەکەی ڕۆشنبیری کوردی نیەو نوسەران و هونەرمەندانی کورد بێبەش دەکەن و هیچ نرخ و بەهایەک بۆ ئەرشیفی مۆزیکی کوردی دانانێن..

ئەم پەرلەمانتارە داوای لەحکومەتی فیدرالی ئەڵمانیاکرد بڕیاری قەدەغەکردن لەسەر ئەو دوو دامەزراوە کوردیە هەڵگرێ و ڕێز لەئەرشیفی کوردی و مۆزیک و کلتوری کوردی بگرێت.


PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا:
به‌روار:  14/06/2019
508   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   996
کۆی سه‌ردان:   29236110