خنکانی 60 کۆچبەر لە دەریای سپیی ناوەڕاست
رووداو - هەولێر 

نزیکەی 60 کۆچبەر، کە زۆربەیان بەنگلادیشی بوون و لیبیایان بەرەو ئیتاڵیا جێهێشتبوو، بەهۆی نقوومبوونی بەلەمەکەیان لە دەریای سپیی ناوەڕاست خنکان.

مانگی سووری تونس لە زاری کۆچبەرە رزگاربووەکانەوە رایگەیاند "75  کۆچبەر بە بەلەمێکی گەورە درەنگانی شەوی پێنجشەممە شاری زوارەیان لە کەناری لیبیا جێهێشتووە، بەڵام دواتر خراونەتە نێو بەلەمی بچووکەوە و 10 دەقە دواتریش بەلەمەکە بەهۆی زۆریی سەرنشینەکانی نقومبووە".
سەلیم سەعید، پاسەوانێکی کەنار دەریا لە تونس دەڵێ "راوچییانی ماسی لە تونس توانییان 16 کەس رزگاربکەن و بیانگەیەننەوە کەناری زەرزیش". ئەوانەی رزگاریان بووە بەگوتەی ئەو پاسەوانەی کەنار دەریا، ماوەی هەشت کاژێریان لەنێو ئاوی سارددا بەسەر بردووە.

بەگوتەی رزگاربووانی رووداوەکە، بەلەمەکە تەنیا پیاوی هەڵگرتووە: 51 کەسیان خەڵکی بەنگلادیش بوون، سێیان میسری و ژمارەیەکیشیان خەڵکی مەغریب، چاد و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقی بوون.
رێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) داوای گەڕان و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی زیاتر دەکات بۆ دووربوون لە تراژیدی هاوشێوە لە دەریای سپیی ناوەڕاست. بەپێی رێکخراوەکە دەریای سپیی ناوەڕاست ترسناکترین رێڕەوی پەڕینەوەی ئاوییە بەجۆرێک لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە هەر سێ کەسێک کە لە لیبیاوە بەرەو کەنارەکانی ئەوروپا گەشتیان کردووە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە"

به‌روار:  13/05/2019
465   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   487
کۆی سه‌ردان:   29254732