٩٧ پەنابەری کورد لە کامپێکی داخراوی هەنگاریا دەستبەسەرن
دەزگای لوتکە  بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیکەی ساڵێکە ٩٧ پەنابەری کورد کە بەشێکیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە کامپێکی داخراوی وڵاتی هەنگاریا دەستبەسەرن و لە رێگەی لوتکەوە داوا دەکەن بگوازرێنەوە بۆ کامپێکی کراوە.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند،” لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو کۆمەڵە پەنابەرەی نیو کامپە داخراوەکەی هەنگاریا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی هەنگاریا لە عێراق کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ بارودۆخی ئەو پەنابەرانە بدۆزینەوە، هیچ نەبێت بکرێنە کامپێکی کراوە”.

کارزان محەمەد کە خەڵکی زاخۆیە و یەکیک لەو پەنابەرانەی لەو کامپەدا دەژی بە دەزگا لوتکەی ڕاگەیاندووە "ماوەی نزیکەی ١٠ بۆ ١١ مانگ دەبێت ٩٧ پەنابەری عێراقی، کە سەرجەمیان کوردن و خەڵکی هەموو ناوچەکانی کوردستانیان تێدایە لە کامپی تۆمپا ( Toma transit zona 6422 hungary) گیریان خواردووە و ناتوانن بەهیچ شێوەیەک بچنە دەرەوەی کامپەکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کامپەکە داخراوە و چواردەوری تەلبەندکراوە و ناتوانن بە ئازادی جموجۆڵ بکەن و  بچنە دەرەوە، رۆژانەش تەنها دوو ژەم خواردنیان پێدەدەن، کە کەس پێی ناخورێت.

ڕونیکردووەتەوە "ئەوان بە شێوازی یاسایی چونەتە هەنگاریا بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون و سەرجەمیشیان پەنجەمۆریان پێکراوە و داوانامەی مافی پەنابەرێتیان پێشکەش بەو وڵاتە کردووە، لە ئێستادا دۆسێکانیان لە دادگایە".

لەنێو پەنابەرەکاندا ژن و منداڵ هەیە و بەشێکیشیان نەخۆشی درێژخایەن و ئۆتیزم و دەروونیان هەیە و لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ١٣ هەزارو ٥٢٢ پەنابەری عێراقی لە وڵاتی هەنگاریا داوای مافی پەنابەرێتیان ێشکەش بەو وڵاتە کردووە.
نالیا
به‌روار:  11/04/2019
483   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   258
کۆی سه‌ردان:   29231728