لە یادی له‌دایک بوونی رێگانەدرا ئۆجالان چاوی بە پارێزەرەكانی بكەوێت
خەندان-

عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری پارتی كرێكارانی كوردستان، لە بەرواری 4ی نیسان-ی 1948 لە شارۆچكەی مەهسەرت (ئامارا)ی سەر بە پارێزگای ماردینی باكوری كوردستان لە خێزانێكی جوتیار چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.

دوای تەواوكردنی خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی، ئۆجالان كۆلێژی زانستە سیاسیەكانی لە زانكۆی ئەنقەرە تەواوكردوە و لە ساڵی 1971 دوای كودەتایەكی سەربازی بۆ سەر حكومەتی توركیا، ئۆجەلان بڕیاریداوە لەبارەی دۆزی كورد بكۆڵێتەوە و لە ساڵی 1978 لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێیدا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی لە شاری ئامەد دامەزراندوە و لە سەرەتای دروستبوونی ئەو پارتەوە تا ئێستا رابەری ئەو پارتەیە.

ساڵی 1998 بەهۆی فشارەكانی توركیاوە، سوریا ئۆجەلان-ی لە خاكەكەی دەركرد و بەو هۆیەوە لە سنوری سوریاوە بەرەو روسیا و لەوێشەوە بۆ ئیتالیا بەڕێكەوت، دوای ئەوەی لە لایەن حكومەتی ئیتاڵیاوە داوایلێكرا ئەو خاكەش بەجێبهێڵێت ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەی یۆنان لە كینیا مایەوە.

لەكاتی هاتنەدەرەوەی لە باڵیۆزخانەی یۆنان، لە بەرواری 15ی شوباتی 1999 ئاسایشی كینیا ئۆجەلان-یان دەستگیركرد و رادەستی دەزگای زانیاریان كرد، ڕۆژی دواتر و لە 16 شوباتی 1999 بەچەند هەنگاوێك گەیەندرایە توركیا و لە بەرواری 31ی شوباتی 1999 رەوانەی بەندیخانەی ئیمرالی تایبەت كرا و دوای دادگاییكردنی لە دورگەی ئیمرالی، بە تۆمەتی دامەزراندنی هێزێكی چەكدار و رابەرایەتیكردنی ئەو هێزە و هەوڵدان بۆ دابەشكردنی وڵات پاش 20 ساڵ تا ئێستا لەو بەندیخانەیە لە لایەن حكومەتی توركیاوە دەستگیركراوە.

لە ساڵی 2015 وە تا ئێستا بێجگە لە دوو سەردانی براكەی بۆ زیندان هیچ كەسێك نەیتوانیوە سەردانیبكات، لە ئێستاشدا حەوت هەزار كەس له‌ به‌رامبه‌ر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی په‌كه‌كە مانیان لە خواردن گرتووە.

پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە یادی 71 ەمین ڕۆژبوونی ئۆجالان-دا، به‌مه‌به‌ستی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئۆجەلان، بۆ 804ەمین جار داواكاریان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتیی شاری بورسا كرد، بەڵام داواكاریەكەیان رەتكرایەوە.
به‌روار:  05/04/2019
505   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   853
کۆی سه‌ردان:   29262843