شەڕڤانان سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا ڕاگەیاند
فەرمانداریی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی-قەسەدە لە مەراسیمێکی سەربازییدا، کە بەرپرسانی چەندین دامودەزگا ئامادە بوون، سەرکەوتنی خۆیان بەسەر داعشدا بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ فەرمانداری گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە لە دواهەمین پێگەی داعش لە باغۆز مەراسیمێکی سەربازیی ئەنجامدا و سەرکەتنی یەکجاریی ڕاگەیاند.

لە مەراسیمەکەدا فەرماندەکانی قەسەدە و بەرپرسانی دەزگاکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادە بوون.

دواتر مەزڵوم عەبدی، فەرمانداری گشتی قەسەدە، لەگەڵ فەرماندەکانی دیکەی قەسەدە، کە لە هەنگاوی گەردەلولی جزیرە بەشداربوون، لێدوانیان دا.

مەزڵوم عەبدی، کە بە زمانی عەرەبی قسەی کرد، ڕایگەیاند: کە ئەوان چەتەکانی داعشیان لەناوبرد و داگیرکارییەکانی داعشیان لە دوایین پێگەی خۆیان لە باغۆز کۆتایی پێهێنا.

ڕاشیگەیاند: کۆبانێ سەرەتای لەناوبردنی داعش بوو، ئێستاش دوای پێنج ساڵ، ئێمە لەناوچوونی مەیدانیی داعش ڕادەگەیەنین.

باسی لەوەش کرد، کە ئەوان ٥٢ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی سوریا ڕزگارکردووە و وتی: لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا ١١ هەزار شەڕڤانی ئێمە شەهید بوونە و ٢١ هەزاریش بریندار بوونە، ئێمە هەموو شەهیدەکانی خۆمان بیردێنینەوە و بۆ بریندارەکانیش هیوای چاکبوونەوە دەخوازین.

مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، کە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ئەوان بەسەر چەتەکانی داعشدا ئەوەیە، کە ئەوان ڕێگەی دیموکراتی و پێوانەکای نەتەوەی دیموکراتی و ئازادیی ژن و ژیانی هاوبەش و پێکەوەژیانی گەلان بۆ خۆیان بە بنەما دەگرن و لەناو ئەواندا شەڕڤانی هەموو پێکهاتەکان و شەڕڤانی نێونەتەوەیش هەن.
به‌روار:  23/03/2019
358   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   655
کۆی سه‌ردان:   29255033