”کەرەستەکانی زمانی دایک لە سوید کێشەیان زۆرە”
زۆر لە مامۆستاکانی زمانی دایک پێیان وایە کەرەستەکانی خوێندن بۆ کۆمەڵگای ئێرە و فێرگاکانی سوید ناگونجێن.

سوزان سەلیم، بەرپرسی چالاکیەکان لە ڕێکخراوی پەروەردەی (Modersmålcenter) لە شاری ستۆکهۆلم، پێشتر وەکو مامۆستای کوردی کاری کردووە و ڕەخنەکانی سەبارەت بەو کتێب و سەرچاوانەی لە وانەکانی زمانی دایکیدا بە کار دەهێنرێن تووندە.

لە دوای ئەوەی کە چەند پرسیارێکمان بۆ ڕێکخراوی پەروەردەی (Bryggan) نارد، مامۆستاکان بڕیاریان دا لە کۆبوونەوەیەکدا لە سەر پرسیارەکان کار بکەن. ماهاباد یاروکیش کە مامۆستای زمانی کوردییە، یەکێک لەو ٥٠ مامۆستایانە بوو کە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد.

لە وەڵامەکاندا هاتووە، کەرەستەکانی خوێندنی زمانی دایک بۆ کۆمەڵگای سوید گونجاو نین. ئەو کەرەستانەی لە ناوخۆی وڵاتەوە دەهێنرێن، بۆ ئەو منداڵانەی لێرە لە دایک دەبن، یان گەورە دەبن نامۆن و لەگەڵ بەرنامەکانی خوێندن ناگونجێن.

لە وەڵامەکاندا هەروەها هاتووە، بە هۆی ئەوەی هەر مامۆستاو بە ویست و حەزی خۆی کەرەستە پەیدا دەکات شێواز و وتنەوەی وانەکان جیاواز دەردەچن. لە هەندێک لە کەرەستەکاندا بۆ نموونە، نەتەوە و ئایینە کەمینەکان ناکەونە بەرچاو.

 ماریان هێنریکسۆن کە بەرپرسی ڕێکخراوی پەروەردەی (Bryggan)ـە لە موتالا، بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکەدا و دەڵێت نیگەرانیی مامۆستاکان لەم بارەیەوە گەلێک بەرچاو بوو.

ـ هەندێک لە مامۆستاکان نیگەرانن لەوەی کە لە کەرەستەکاندا یەکێک لە ئایینەکان زەق کراوەتەوە، ئەمەش وێنەیەکی درووست نیشان نادات.

ماریان هێنریکسۆن دەیشڵێت لەهیچکام لە وانەکانی تردا مامۆستاکان ئازاد نین لە هەڵبژاردنی کەرەستەی خوێندن. بۆیە نەدەبوو زمانی دایکیش وا بوایە. زمانی دایکی تەنها وانەیەکە کە کەوتووەتە دەرەوەی بازنەی خوێندن و ڕیگای خۆی ئەبڕێت.

بە بۆچوونی مامۆستاکانی شاری موتالا پێویستە دەستگەی کاروباری فێرگەکانی سوید (Skolverket) گروپێک لە مامۆستا و شارەزایانی بواری زمانە جیا جیاکان پێک بهێنێت و لەو ڕێگەیەوە کەرەستەی هاوبەشی خوێندن بۆ هەموو زمانەکان دابین بکرێت.

 بەڵام ماتس ڤێنێرهۆلم لە دەستگەی کاروباری فێرگەکانی سوید (Skolverket) دەڵێت

ـ  ئەمە پرسێکی سیاسیە. مەگەر تەنها پرسەکە بەرز بکرێتەوە و گٶڕانکارییەکە لەوێوە ئەنجام بدرێت. ئەگینا ئێمە ئێستا ئەو دەرفەتە ئابوورییەمان نییە.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  21/02/2019
586   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   539
کۆی سه‌ردان:   29261658