مەرگی ٧ مناڵی پەنابەر لە کەنەدا
(سبەی):

لەترسی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان سوریایان بە جێهێشت و رویان لە کەنەدا کرد، بەڵام ئاگرێکی سەرچاوە نەزانراو، حەوت منداڵەکەی لێسەندنەوە و خەونی ژیانی ئارام و دور لە شەڕیان لەبارچو.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دانیشتوانی گەڕەکێکی شاری هالیڤاکسی کەنەدا، بە دەنگی هاواری دراوسێ پەنابەرەکەیان بەئاگاهاتن، هاوار و ناڵەی دایکێک کە داوای فریاکەوتن و بەهاناوەچونی دەکرد، دراوسێکان بینیان ئاگر لە باڵەخانە بەرزدەبێتەوە، دەستبەجێ پەیوەندییان کرد بە فریاکەوتنی خێراوە، بەڵام نەیانتوانی گیانی حەوت منداڵ رزگار بکەن، تەنها دایک و باوکەکە بە سوتاوییەکی زۆر و بارێکی دەرونیی خراپەوە رزگاریان بو. 

منداڵەکانی کەوسەر و ئیبراهیم بەرهۆ بەناوەکانی (ئەحمەد، رولا، محەمەد، غەلا، هەلا، رەنا، عەبدوڵا) تەمەنیان لە نێوان چوار مانگ بۆ (15) ساڵیدایە، سەرجەمیان لە ئاگرکەوتنەوەکەدا گیانیان لەدەستدا و پۆلیسی شارەکە بڵاوی کردەوە تەنها دایک و باوکە گەنجەکە لەو ئاگرە رزگاریان بوە، بەڵام بەشێکی زۆری جەستەیان سوتاوە لە بارێکی دەرونیی خراپدان.

ئەو خێزانە دانیشتوی شاری دێرەزوری رۆژهەڵاتی سوریان (کە ئێستا دوا قۆناغی شەڕی داعشی تێدا بەردەوامە) ساڵی (2017) لە چوارچێوەی بەرنامەی لە خۆگرتنی پەنابەراندا رویان کردوەتە وڵاتی کەنەدا و مافی مانەوەیان پێدراوە.

دامەزراوەی (HEART) کە ئەرکی چاودێریی کردنی ئەو خێزانە پەنابەرە بوە، بڵاوی کردەوە؛ خێزانەکە دڵخۆش بون بەوەی لە ئاگری شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەیان رزگاریان بوە، بەیانیان بەدڵخۆشییەوە منداڵەکان دەچونە قوتابخانە، سواری پاسکیل دەبون، ئارەزویان لە مەلە بو، راستگۆ بون، بەشداریی بۆنە خۆشەکان و یادی لە دایکبونی هاوڕێکانیان دەکرد، دەیانویست چیژ لە سات بە ساتی ژیانیان وەربگرت، ئێستا زۆر قورسە بۆ دایک و باوک و دراوسێ و هاوڕێکانیان چیتر گوێیان لە پێکەنین و یارییەکانی ئەو منداڵانە نابێت.

دوای روداوەکە، جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دڵتەنگی خۆی بۆ روداوەکە دەربڕی و لە پەیامێکدا سەرخۆشی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو منداڵانە ئاڕاستەی دایک و باوک و کەسوکار و هاوڕێیانی ئەو حەوت منداڵە دەربڕی.

دوای روداوەکەش، سەدان کەس لە شاری هالیڤاکس و لەبەردەم ماڵی قوربانییەکان کۆبونەوە، تەنها لەماوەی (24) سەعاتدا نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاریان بۆ خێزانەکە کۆکردەوە، بۆ یارمەتیدانی چارەسەری پزیشکی دایک و باوکی منداڵەکان و دابینکردنی ژیانی لەمەودویان لە ئازاری لەدەستدانی جگەرگۆشەکانیاندا.
به‌روار:  21/02/2019
1294   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   736
کۆی سه‌ردان:   29262547