پەنابەرێكی كورد گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی ئوسترالیا وەردەگرێ
بەهرۆز بوچانی كارێكی باڵای هونەری و تیۆری رەخنەیی بەرهەمهێناوە
بەهرۆز بوچانی، پەنابەرێكی كوردە و لەكەمپێكی پەنابەرانی دورگەیەك دەستبەسەرە، گەورەترین خەڵاتی ئەدەبیی لە ئوسترالیا بردەوە. لەراپۆرتی بەخشینی خەڵاتەكەشدا هاتووە، بەهرۆز بوچانی كارێكی باڵای هونەری و تیۆری رەخنەیی بەرهەمهێناوە، ناكرێت كورت بكرێتەوە بۆ وەسفێكی سادە.
زۆر ئەو كەسانەی نەهامەتییەكانی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیون و فشاری زۆری بۆ هێناون، بەڵام خۆڕاگری و خۆبەدەستەوەنەدان وایان لێدەكات داهێنانكاری گەورە بكەن و خزمەت ناوازە پێشكەش بەمرۆڤایەتی بكەن. یەكێك لەوانەش بەهرۆز بوچانیە كە پەنابەرێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانەو ڕۆمانێكی لەگرتوخانەیەكی دورگەی مانوس لە ئوسترالیا، بەناوی، "هیچ هاوڕێیەك نیە جگە لەشاخەكان"، نوسیوە.
رۆمانەكەی بەهرۆز، خەڵاتی ڤیكتۆری بۆ ئەدەبی ساڵی 2019ی لە ئوسترالیا وەرگرتووە، كە بە گوێرەی رۆژنامەی گاردیان، ئەو خەڵاتە بەنرخترین خەڵاتی ئەدەبییە لەو وڵاتەو بەهاكەی 100هەزار دۆلارە. جگە لەوە، بەهرۆز خەڵاتێكی دیكەی بردەوە، كەبەهاكەی 25 هەزار دۆلارە.
بوچانی، كەماوەی چەند ساڵێكە لە گرتووخانەیەكی تایبەت بە كۆچبەران لە دوورگەی مانوس دەستبەسەركراوە، ڕۆمانەكەی لە ڕێگەی كورتەنامەی وەتسئەپەوە نوسیووە و ناردویەتی بۆ وەرگێڕێك و بەهاوكاری ئەو بڵاوكریكردوەتەوە، بەهرۆز ناتوانێت ئەو دوورگەیە جێبهێڵێت، تامافی پەنابەرێتی پێنەدرێت.
لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و وەك نووسەر، رۆژنامەوان، چالاكوانی مافی مرۆڤ، شاعیر و دەرهێنەری فیلم، بەردەوام لە كارەكانی، باسی لە نەهامەتی و كێشەكانی گەلی كورد كردووە.
لە لێدوانێكی بۆ بی بی سی، بەهرۆز لەبارەی خەڵاتەكانی دەڵێت: لەلایەكەوە، زۆر دڵخۆشم چونكە سەرنجی خەڵكیم بۆ ئەم شوێنە پڕ نەهامەتییە راكێشاوە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە، بیر لەوە دەكەمەوە كە من مافی ئەوەم نییە لێرە ئاهەنگ بگێڕم، چونكە هاوڕێیەكی زۆری هەیە لێرە ئازار دەچێژن.
ئاماژەوە بەوەشدەكات، دەیەوێت خوێنەرانی كتێبەكەی لەوە تێبگەن كە هەوڵێكی سیستماتیك هەیە بۆ داماڵینی پەنابەران لەناسنامە و مرۆڤایەتی.
لە ساڵی 2013، بەهرۆز بە بەلەم و بە قاچاخ چووە ئوسترالیا و لەو كاتەوە لەو دوورگەیە سەرەڕای وەرگرتنی مافی مانەوە، بەندكراوە، بۆ ئەوەش دەڵێت، ئێرانم جیهێشت چونكە نەمدەویست بخرێمە زیندان، بەڵام لێرەش چەند ساڵە هەر زیندانم.
هەرچەندە خەڵاتەكە، خەڵاتی ڤیكتۆریا بۆ ئەدەب، تەنها بۆ هاوڵاتی و دانیشتوانی هەمیشەیی ئوستورالیایە، بەڵام ئەمساڵ دادوەران بڕیارێكی تایبەتیان بۆ نوسینەكەی بوچانی دەركردووە و خستویانەتە كێبڕێكەوە.
بەهرۆز یەكێكە لە سەدان پەنابەری دەستبەسەر لە دورگەی مانوس، كە لەرێگەی بەلەمەوە لە وڵاتانی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیاوە هەوڵی گەیشتن بە ئوستورالیایان داوە، بەڵام ئوسترالیا یاسای توندی هەیە دژی ئەوانەی بەم رێگەیە گەشت دەكەن بۆئەوەی بەپێی هەڵوێستی فەرمی وڵاتەكە، پەنابەرانی تر هەمان رێگەی مەترسیدار نەگرنە بەر.
لەراپۆرتی بەخشینی خەڵاتەكەدا هاتووە، بەهرۆز بوچانی كارێكی باڵای هونەری و تیۆری رەخنەیی بەرهەمهێناوە، ناكرێت كورتبكرێتەوە بۆ وەسفێكی سادە. لەناخی كارەكەدا، لێكۆڵینەوەیەكی قوڵی رەخنەیی و وەسفی ئەوەیە كە بوچانی پێی دەڵێت، تیۆری زیندانی مانوس.
لەماوەی رابردوودا، لە میدیای جیهانیدا رۆشناییەكی زۆر خراوەتە سەر مامەڵەی ئوستوراڵیا لەگەڵ پەنابەرانداو نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە جیهانیەكانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لەو جۆرە مامەڵەیە گرتووە.
کەی ئێن ئێن
بهروار: 02/02/2019
374 جار خوێندراوهتهوه
|