لە ئەڵمانیا 3 پەنابەر کە یەکێکیان کوردە بەهۆی تیرۆرەوە دەستگیر کران
بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی تیرۆریستی"، پۆلیسی ئەڵمانیا سێ پەنابەری عێراقی دەستگیرکرد کە یەکێکیان کوردە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، دوان لە تۆمەتبارەکان بۆمبێکی دەستکردیان دروستکردووە و پیلانیان داڕشتووە بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرشبکەن یاخود هێرشی چەکداری ئەنجامبدەن.

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، ناوی دوو لە تۆمەتبارەکان (شاهین، ف) و (هێرش، ف)ێیە کە هەردووکیان تەمەنیان ٢٣ ساڵە و ئەوەی دیکەش کەسێکی تەمەن ٣٦ ساڵ بووە بەناوی (ڕەئوف س)، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەدوای مانگێک لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکان، لە ویلایەتی شلێسڤیگ هۆڵسین دەستگیرکراون.

نوسینگەی داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیاش ئاماژە بەوەدەکات، تۆمەتبارەکان تا ئەوکاتەی کە دەستگیرکراون ناوچەیەکیان بۆ بەئامانجگرتن دیارینەکردووە، دەشڵێت هێرشەکە "پاڵنەری ئاینی" هەبووە .

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، شاهین و هێرش لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە شێوازی دروستکردنی بۆمبی دەستکرد فێربوون و ویستوویانە لە بەریتانیاوە ئامێرێکی تەقینەوە بهێننە خاکی ئەڵمانیاوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا توانیویانە دەست بەسەر ئامێرەکەدا بگرن.

لێکۆڵەرەوانی کەیسەکە ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە بەنیازبوون لەڕێگەی تۆمەتباری سێهەمەوە دەمانچەی دەستی ٩ ملمی بکڕن، بەڵام توانای داراییان نەبووە و دواجار بڕیاریانداوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە هێرشەکەیان ئەنجام بدەن.

داواکاری گشتی ئەڵمانیا راشیگەیاندووە، تائێستا نازاندرێت تۆمەتبارەکان پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تیرۆرستییەوە هەبووە یاخود نا.
نالیا
به‌روار:  30/01/2019
436   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   945
کۆی سه‌ردان:   29263731