پزیشكێكی كوردی سوید دڵ دروستدەكات
رووداو - سوێد

پزیشكێكی كوردی سوێدی بە پرۆفیسۆرێكی سوێدی دەڵێت: بەتەمام دڵێكی دەستكرد دروستبكەم. پرۆفیسۆرەكە پێدەكەنێ و دەڵێ: "ئەوەی تۆ دەیڵێی مەحاڵە و بە تۆ ناكرێ". هەمان پزیشك دێتەوە ماڵەوە و باسی دڵە دەستكردەكە لەگەڵ دایكی دەكات. دایكی لە ماڵەكەی خۆیان لە سوێد بەپێكەنینەوە بۆم باسدەكات كە گوتوویەتی :"كوڕی خۆم ئەوەی تۆ باسی دەكەی نابێ. تەنیا خوا دەتوانێ دڵ دروستبكات، تۆ چۆن ئەو شتە دەكەی! بەڵام دواتر دەركەوت كوڕەكەم راستدەكات و قسەی خۆی بردەسەر". 

ئەو گفتوگۆیانە 18 ساڵ لەمەوبەر لەنێوان د.ئازاد نەجاڕ و پرۆفیسۆرە سوێدییەكە و دایكیدا كراون، بەڵام ئێستا كە د.ئازاد دڵەكەی گەیاندووەتە قۆناخی كۆتایی، رۆژێك پرۆفیسۆرەكە هاوكارەكانی كۆكردووەتەوە و لەبەردەم هەموویاندا داوای لێبوردنی لێكردووە.
 
دڵی ئەسكەندەناڤی

لە كۆمپانیای Scandinavian Real Heart و لە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەیەكی شاری پیشەسازیی (ڤێستەرۆس)ی سوێد، د.ئازاد نەجاڕ و هاوكارەكانی سەرقاڵی دوایین ئامادەكارییەكانن بۆ تەواوكردنی پرۆژەی دروستكردنی دڵێكی دەستكرد كە قەبارەكەی هەر هێندەی دڵی ئاساییە و 18 ساڵە كاری تێدا دەكرێت. د.ئازاد بۆ (رووداو)ی باسدەكات كە ئەوەی وەدەستهاتووە بەرهەمی ساڵەها شەونخوونیی خۆی و هاوكارەكانیەتی و بە ملیۆنان یۆرۆی تێچووە. ئێستا كە خەریكە تەواو دەبێت، لە هەندێك وڵاتی جیهانەوە دێن و داوا دەكەن پرۆژەكەیان پێبفرۆشن، بەڵام د.ئازاد ئەمە قبوڵ ناكات و دەوڵەتی سوێدیش گوتوویانە خۆیان هەموو پشتیوانییەكی دەكەن و نایانەوێ بفرۆشرێ. پشتیوانییەكە هێندە گەورەیە كە پادشای سوێد چەند جارێك د.ئازادی بانگهێشت كردووە بۆ ئەوەی پێكەوە نان بخۆن و سەرۆكوەزیرانی سوێدیش بەهەمانشێوە. پزیشكە كوردەكە دەڵێت: "ماڵباتی پاشایەتیی سوێد زۆر جوامێرن و پێیانگوتووم هەموو پشتیوانییەكی پرۆژەكەم دەكەن". ئەو هەرچەندە لایەنی زانستیی دروستكردنی دڵەكەی گەیاندووەتە كۆتایی و بەشی زۆری تاقیكردنەوەكانی تەواو كردووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بۆ ئەوەی بەرهەمێكی وا هەستیار بكەوێتە بەردەستی خەڵك، دەبێ بە كۆمەڵێك رێوشوێنی یاسایی و كارگێڕیدا تێپەڕێت و ئەو قۆناخانەش ببڕێ. د.ئازاد بە دڵخۆشییەوە دەڵێ: "زۆری نەماوە و چیدیكە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی دڵ ناتوانن گیانی ئەو هەموو مرۆڤە لە جیهاندا بستێنن".

لە زاخۆوە بۆ ڤێستەرۆس

د.ئازاد نەجاڕ خەڵكی شاری زاخۆی باشووری كوردستانە. زۆر منداڵ بووە كە بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانی باوكیەوە لە زاخۆوە بە ماڵباتەوە دوورخراونەتەوە بۆ بەغدا. باوكی یەكێك لە پارێزەرە ناسراوەكانی زاخۆ و مووسڵ بووە و بەشداریی سیاسیی لە شۆڕشی كوردستاندا كردووە: "كە چووینە بەغدا، لە دەرەوە دەبووایە بە عەرەبی قسە بكەین، بەڵام لەماڵەوە بۆمان نەبوو بەهیچ شێوەیەك جگە لە كوردی بە زمانێكی دیكە قسە بكەین". ساڵانی دواتر د.ئازاد لە زانكۆی مووسڵ  بڕوانامەی پزیشكی وەردەگرێ و دەبێتە یەكەمی سەر ئاستی زانكۆكەش. لە ساڵانی نەوەتدا پزیشكە كوردەكە بڕیار دەدات بێتە سوێد و لەوێ درێژە بە كاری پزیشكی دەدات، بەڵام وەك خۆی دەڵێت هەمیشە ئارەزووی لەوە بووە شتی زۆرتر لەبارەی دڵەوە بزانێت. بۆیە چوار ساڵ دوای چوونی بۆ ئەو وڵاتە، دەست بە پرۆژەی دروستكردنی دڵی دەستكرد دەكات.

ماڵباتی زیرەك

د.ئازاد كوڕی دایكوباوكێكی خوێندەوارە كە ئێستا تەمەنیان لەسەرووی نەوەت ساڵە و لەژیاندا ماون. بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشەشیان نۆ منداڵن كە هەموویان كەسانی سەركەوتوو و ناسراون. بۆ نموونە یەكێك لە براكانی پرۆفیسۆرێكی پسپۆڕی مێشكە و یەكێك لە ناسراوترین زاناكانی بوارەكەی خۆیەتی لە سوێد. باوكی د.ئازاد دەڵێت كاتی خۆی كە گەنج بووە ویستوویانە كچی خزمی خۆی لە زاخۆ بۆ بهێنن، بەڵام ئەو بەپێكەنینەوە وەڵامی ماڵباتی خۆی داوەتەوە و گوتوویەتی: "ئەو كچە ناهێنم، چونكە ماڵی ئەوان زیرەك نین و دوایی منداڵەكانی منیش زیرەك دەرناچن". ئەو ئاماژە بۆ دایكی د.ئازاد دەكات كە كچی خاڵیەتی و دەڵێت: "من نازداری خۆمم هەڵبژاردبوو!". دایكی د.ئازادیش پەسنی منداڵەكانی دەدات و دەڵێت: "منداڵی من هەموویان زۆر زیرەكن و سەری ئێمەیان بەرزكردووەتەوە"، دەربارەی د.ئازادیش دەڵێت :"بە منداڵیش هەر وا بوو. ئەو شتانەی دەیكرد لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو". 

د.ئازاد لە باوكی دەپرسێ :"متمانەت بە من هەبوو كە دڵی دەستكرد دروست بكەم؟"، باوكی وەڵامی دەداتەوە: "هەرچییەك تۆ بیكەی، متمانەم پێ هەیە كە سەركەوتوو دەبێ". د.ئازاد بۆم باسدەكات كە ئەو پشتیوانی و هاندان و پەسندانەی دایكوباوكی وایكردووە هەمیشە لە ژیانیدا هەوڵبدات زیرەكترین و باشترین بێت :"چونكە نەمدەویست قسەی دایكوباوكم بشكێ و رۆژێك شەرمەزاریان بكەم".

پرۆژەی گەورەتر

د.ئازاد زۆر دڵخۆشە كە پرۆژەی تەمەنی ئەنجامی هەبووە و دەتوانێ خزمەتی مرۆڤایەتیی پێبكات، بەڵام ئامێرێكی دیكەم پیشاندەدات و دەڵێت: "ئەمە شتێكی گەورەترە لە پرۆژەی دڵی دەستكرد. ئەگەر ئەمە تەواوبێت دەبێتە شۆڕشێك لە بواری تەندروستیی مرۆڤدا و دەتوانین هەم تێڕوانینێكی نوێ بۆ شێوازی كاركردنی دڵ دروستبكەین كە تەواو جیاوازە لەوەی تاوەكو ئێستا زانایان پێیگەیشتوون. واشدەكات رێگە لە دروستبوونی زۆر نەخۆشیی ترسناك لە مرۆڤدا بگرێت". 

ئەو پزیشكە كوردە دەڵێت: "تا من لە پرۆژەی دڵی دەستكردەكەمدا بمێنم، وادەكەم نەخۆشەكانی كوردستان بە ئاسانترین شێوە دەستیان بگاتە ئەو دڵە و زۆرترین نەخۆشی پێ رزگار بكەین، بەڵام كێشە تەنیا دڵەكە نییە و دەبێ ژێرخانی تەندروستیشی بۆ بگونجێنین. بۆ نموونە كەسی تایبەت هەبن كە راهێنانیان كردبێ و بتوانن كاتێك كێشەیەك هەبوو، هاوكاریی هەڵگری دڵە دەستكردەكان بكەن، بەڵام ئەوەی لەسەر من بێت هەموو شتێك دەكەم بۆ میللەتی خۆم".

* بۆ زانیاریی زۆرتر لەسەر د. ئازاد نەجاڕ، بەرنامەی (بیگ ستۆری)ی تەلەڤیزیۆنی رووداو ببینە كە شەوی چوارشەممە كاژێر 22:00 بە كاتی كوردستان پەخش دەكرێت.
 
به‌روار:  20/01/2019
166   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...
تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا سێ ژنی گەنج گیانیان لەدەستداوە، کە بە وتەی کەسوکارەکانیان "خۆیان خۆیان کوشتووە!"، لەگەڵ ئەوەشدا کەس باس لە هۆکاری درێژه‌ ...
( ئالبوم ) کەزاخاوی چاوم بەوێنەکانت ئاوئەدەم.. هاوڕێکانتا سەما دەکەیت لەتەك لەهەمویان، شۆخ وشەنگتر.. ئەتۆی هاوڕێت هەیە،موزیکیستە توانیوێتی، وێنەی ئەتۆ خەندەی، تێکەڵ ب درێژه‌ ...
داخستنی کەمپەکانی پەنابەران و گواستنەوەی خێزانەکان بۆ شارەکانی دیکە، کاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی فێربوونی مناڵان داناوە. ئەمەش هەروەک مامۆستایان تێبینیان کردووە. بڕیارە دەزگ درێژه‌ ...
چەکدارانی داعش دەبێ لەو شوێنەی بەدیل گیراون بدرێنە دادگا، بەپێی بۆچوونی وەزیری ناوخۆی سوید. میکایل دامباری وەزیری ناوخۆ دەڵێ هیچ هەوڵێک نادەن بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش کە هاوڵاتی درێژه‌ ...
بەدرێژایی چەندین سەدە و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مەککە (فەتحی مەککە) وە هیچ دەسەڵاتدار و لێپرسراوێک لە سعودیەدا نەچووەتە سەربانی کەعبە، بەڵام چوونە سەربانی کەعبە لە لایەن محەمەد درێژه‌ ...
خەندان- ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بریتانی بڵاویكردوەتەوە، پەنابەرێكی کوردی ئێران دانی بەوەداناوە سێ ڕۆژ دوای ئەوەی هاوسەرەكەی پشتگیرینەكردوە لە داواكاری مانەوەی لە بریتانیا "هاوسەرەك درێژه‌ ...
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دژایەتی خۆی بۆ بە زۆر ناردنەوەی كۆچبەرانی عێراقی رادەگەیەنێت و دەڵێت، پێویستە گەڕانەوەیان ئارەزومەندانە بێت. نەوفل بەها موسەوی، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی درێژه‌ ...
زیاتر لە پێنج ساڵە رێگە نەدراوە خێزانەكەی چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت 20 ساڵ بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەدا، تێپەر دەبێت و زیاتر لە پێ درێژه‌ ...
لە توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی یۆتێبۆریدا ئاشکرا بووە کە کەسانی بێ بەڵگەو ناسنامە لە سویددا ڕەوشی دەروونییان و باری تەندرووستیان خراپە. لە توێژینەوەکەی زانکۆی یۆتێبۆریدا ١٠٤ کەسی درێژه‌ ...
پاش ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژانی ڕابردوو له‌ شاری باسل، مانهایم و لوكسه‌مبۆرگ ڕێپێوانی درێژمه‌ودا به‌ره‌و شاری ستراسبۆرگی فه‌ڕه‌نسا ده‌ستی پێكرد، ئه‌مڕۆ به‌شداربوانی هه‌موو قۆڵه‌كانی ڕێپێوان درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   197
کۆی سه‌ردان:   17638374