یاسای شێتەکانی ھاوکار مستەفا ئامادەی نمایشە
مالمۆکورد



لە ئەزموونێکی نوێ دا، ھونەرمەند (ھاوکار مستەفا) کۆتایی بە یەکەم بەرھەمی خۆی ھێنا وەک دەرھێنەر، لەم وێستگەیەشدا ئەو ھونەرمەندە ھەوڵی داوە، یاسای لە سێدارەدان بکات بە ھەوێنی ئەو بەرھەمە تازەیەی، کە ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنگی بە مرۆڤایەتی ھەڵچنیووە، لەو نێوەندەشدا کۆتایی بە فیلمە تازەکەی ھێناوە و ناونیشانی بەرھەمەکەشی ناو ناوە (CRAZES LAW - یاسای شێتەکان)، کە لە نووسینی و سیناریۆی (عەدنان عوسمان)ـە و، لە دەرھێنانی (ھاوکار مستەفا)ـیە و لە نواندنی ھونەرمەندان (حەمە عەلی خان، وریا حەسەن، مەھدی شارباژێڕی، ھەڵاڵە عومەر، بەشیر جەمشیر، سەرباز عەلی)ـیە.
 (ھاوکار مستەفا) لە لێدوانێکی دا ئاماژە بۆ ناوەڕۆکی فیلمە تازەکەی کرد و گوتی: وەک ھونەرمەندێک ھەمیشە خەونی زۆرم ھەبووە بۆ گەیشتن بە لە دایک بوونی بەرھەمێک کە خۆم وەک دەرھێنەرێک کاری بۆ بکەم، ئەو فیلمەش دەبێتە دەسپێکی جوان و ئەزموونێکی نوێ لە کاری ھونەری مندا.
(یاسای شێتەکان) باس لە چیرۆکی لە سێدارەدان دەکات، کە مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت ئەشکەنجە و ئازاری ژیان لەو بەرھەمەدا بە ڕوونی دەبینرێت و دوا وێستگەی ژیانی ئەو کەسایەتیەش بە پەتێک کۆتایی دێت.
مەبەستی منیش وەک دەرھێنەر ئەوەیە، کە لە ڕووی یاساییەوە میکانیزمێکی دیکە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دوورکەوینەوە لەو جۆرە یاسایەی کە ڕۆحی مرۆڤایەتی دێنێتە ھەژان.
بڕیاریشە، لە ئایندەیەکی نزیک دا بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دا بکات.
پاشخان: ھاوکار مستەفا، ئەکتەر و دەرھێنەر، لە دایکبووی 1989 شاری ھەولێرە، ڕۆڵی لە چەند بەرھەمێکی ھونەری دا بینیووە، لەوانەش فیلمی (مەملەکەتی مێروولەکان)، (سپی سپی)ـدا.


به‌روار:  10/01/2019
490   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   810
کۆی سه‌ردان:   29257918