شەهیدبوونی گەریلایەکی ئەڵمانی بەناوی 'ژاکۆب ڕیمەر' لە جولەمێرگ
هەپەگە ناسنامەی گەریلایەکی ئەڵمانی بەناوی 'ژاکۆب ڕیمەر' ناسراو شیار گابار ئاشکرا کرد، کە لە ٩-٧-٢٠١٨دا لە دەڤەری جولەمێرگ شەهیدبووە.
ئەمڕۆ ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ناسنامەی گەریلایەکی ئاشکراکرد، کە ئەڵمانییە و لە تەمموزی ساڵی ڕابردوودا لە شەڕێکدا شەهیدبووە.
هەپەگە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکە کردووە و ڕایگەیاندووە: بەرخۆدان لە کوردستاندا بەفیداکارییەکی گەورە بەڕێوەدەچێت، ژیانی ئازاد بە خوێن و ڕێبازی شەهیدان بەدیدێت، شەهیدانی ئێمە بۆ ژیانێکی ئازاد قارەمانانە بەرخۆدانیان کردووە و هێزی سەرکەوتن بە پێشەنگایەتی پەکەکە پیشان دەدەن.
دەربارەی شوێنی شەهیدبوونی گەریلاکە هەپەگە ئاشکرایکردووە، لە هەرێمی چارچەلای ناوچەی گەڤەری سەر بە جولەمێرگ، لە کاتی شەڕو بۆردووماندا هەڤاڵ شیار گابار ٩ی تەمموزی ساڵی ڕابردوو شەهیدبووە.
هەپەگە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە شەهید شیار گابار لە ساڵی ١٩٩٤دا لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، هەر لە سەرەتای تەمەنیدا سیستمی ناعەدالەتی و سەرمایەداریی ناسیوەو ڕەتیکردووەتەوە، ڕاشیگەیاندووە: هەربۆیە شیار گابار کەوتووەتە گەڕان بە دوای ڕاستیدا و لە ناو چەپ و سوسیالیستەکاندا جێگای خۆی گرتووە، تا ئاشنای فکری ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بووە، دواجار لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕوویکردووەتە چیاکانی کوردستان و بەشداریی ڕیزەکانی گەریلایی بووە.
هەپەگە باسی لە کاتی بەشداربوونی شەهید شیار گابار کردووەو ئاماژەی بەوەداوە، کە هەر لەسەرەتای بەشداربوونییەوە هەوڵی زۆری داوە تا خۆی پەروەردەکردووە و خۆی پێش خستووە، تا دواتر بووەتە یەکێک لە گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، وەها هاتووە:"هەڤاڵ شیار نمونەیەکی ئاشکرای پشتیوانی گەلانی وڵاتانە، کە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی ڕیزەکانی گەریلایی بوو، هەربۆیە شوێن و بەرخۆدانی هەرگیز لە یاد ناکرێت، شەهیدانی ئێمەی ئینتەرناسیونال بە شەهید هەقی قەرار و کەمال پیر دەستیپێکرد، ئەوان ڕێگای ئێمە ڕوونتر دەکەنەوە.
لە کۆتاییدا هەپەگە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کردووە و ڕایگەیاندووە: بنەماڵەی بەڕێزی 'ڕیمەر'، کە مرۆڤێکی واتان پەروەردەکردووە، چەندە بە خۆتان سەربەرزبن شیاوی زیاترن، بۆ شەهیدبوونی کوڕەکەتان ئێمە سەرەخۆشیتان لێدەکەین، پەیمان دەدەین، کە بەردەوامیی بە خەبات و ئامانجی شەهیدان بدەین.
ڕۆژنیوز
بهروار: 06/01/2019
671 جار خوێندراوهتهوه
|