خنکای 10 هەزار پەنابەر لە دەریای ئیجە و لە چوارساڵدا

سوله‌یمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، تەنیا لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا، ١٠ هه‌زار و ٧٧١ كۆچبه‌ری نایاسایی له ‌ده‌ریای ئیجه‌دا خنکاون.


سوله‌یمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا لە پەرلەمانى وڵاتەکەى رایگەیاند بەتەنها لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤وە بۆ ٢٠١٨ دا، ١٠ هه‌زار و ٧٧١ كۆچبه‌ری نایاسایی له ‌ده‌ریای ئیجه‌دا خنکاون.

روونیشیکردەوە، تەمەنى ئەو کەسانەى لە ماوەى ئەو چوارساڵەدا خنکاون لەنێوان سێ مانگى بۆ ٧٠ ساڵایدا بووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێكخراوى کۆچى نێودەوڵەتىیش، لەماوەی ١١ مانگى ڕابردوودا، دوو هەزار و ١١٩ کۆچبەر لە دەریاى ناوەڕاستدا خنکاون، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى تەنیا لە ئەمساڵدا ١٠٧ هەزار و ٢٦٩ کۆچبەریش لەڕێى دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانى ئەوروپا.

پێشتریش، ئاری جەلال سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "بەیانیت باش کوردستان"ی ئێن ئاڕتیدا راگەیاند،  لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا ٢٧٤هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێگای کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لە دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش و دەریای ئیجە و رێگای وشکانی گیانیانلەدەستداوە.

ساڵانە ژماریەکی زۆر هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بە شێوەیەکی نایاسایی و لە رێگای ئاوی و وشکانی روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

ئ. ف
نالیا
به‌روار:  17/12/2018
779   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   979
کۆی سه‌ردان:   29236497