کوژرانی 3 کۆڵبەری تر لە ڕۆژهەڵات
کوشتاری کۆڵبەران و  کاسبکارانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن هێزەکانى رژێمى ئێرانەوە بەردەوامە. شەوی رابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بەهۆی تەقەى چەکدارەکانى رژێمى ئێرانەوە کۆڵبەرێکى گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی حاسڵ بادبەرین خەڵکى گوندی توورکەس-ی پیرانشار کوژرا.

هەروەها چەکدارەکانى رژێمى ئێران لە گوندی نالێن-ی سەر بە پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەرێکى تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی ئیبراهیم عەلی کردووە و بەو هۆیەوە بریندار بووە.

ئاژانسى هەواڵی رۆژ نیوز بڵاویکردووەتەوە، هەر شەوی رابردوو، لە خاڵی پاسەوانیى هەنگەژاڵەى بانە چەکدارانى رژێمى ئیران دەستڕێژی گولـلەیان لە کۆڵبەران کرد. لەو دەستڕێژەى چەکدارانى رژێمى ئێراندا کۆڵبەرێک بە ناوی رەحمان کتابی خەڵی گوندی ننۆڕ، کە باوکی ٥ منداڵە کوژرا و کۆڵبەرێکی تر بە ناوی محەمەد مەعروفی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکى گوندی بژی برینداربوو، کە هۆی قورسیى برینەکەیەوە دواى چەند کاتژمێرێک گیانى لە دەستدا.

هاوکات تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیش بڵاویکردەوە، بەرەبەیانى رۆژی هەینى ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٣ی سەرماوەز و لە دواى دوو رۆژ گەڕان، تەرمی جەواد گولابیى تەمەن ٣٥ ساڵ و خێزاندار و خەڵکی گوندی ملونە لە سنووری ورمێ دۆزرایەوە، کە رۆژی چوارشەممە لەناوچەى برادۆست بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانى لە دەستدابوو. تەرمەکەى جەواد براوەتەوە بۆ گوندەکەى خۆی لەوێ بە خاکسپێردراوە.

رۆژی ٢٠ی سەرماوەز / ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ کۆڵبەرێکى تری کورد بە ناوی زانیار عەزیز زادە لە ناوچەى سنووری ئالانى سەردەشت بەهۆی سەرماوسۆلەوە رەقبوویەوە و گیانى لە دەستدا.

بەپێى ئامارەکانى کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە تاوەکو  مانگی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / سەرماوەز، ٥٤ کۆڵبەر و کاسبکار بەهۆی تەقە و پەلامار و بۆسەی هێزەکانى رژێمى ئیرانەوە کوژراون و ٨٩ کۆڵبەر و کاسبکاری تریش برینداربوون.

لە ساڵی ٢٠١٧دا زیاتر لە ١٣٤ کۆڵبەر بەهۆی رووداوەکانى تەقەی چەکدارەکانى رژێمى ئێران، سەرماوسوڵە و رووداوی هاتووچۆ و بەربوونەوە لە شاخ و بەرزاییەکان کوژرابوون و گیانیان لەدەستدابوو، یان برینداربوو بوون.

 ر.م

فورات نیوز
به‌روار:  15/12/2018
426   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   588
کۆی سه‌ردان:   29251623